تایبەت بە رووداو.. زاخۆ دەیەوێت لە وەرزی نوێدا تیپێکی بەهێز و رکابەر بێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ لە تورکیا خۆی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادەدەکات و دەیەوێت لە وەرزی نوێدا رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر بکات لە وەرزەکانی رابردوو.
 
یانەکە چەند رۆژێک لەمەوبەر چووەتە شاری ساکاریای تورکیا، کەمپێکی مەشق و راهێنانی لەوێ کردووەتەوە و بەشی زۆری یاریزانەکانی تیپەکە ئامادەن، تەنیا ئەو یاریزانانە نەبن کە پەیوەندییان بە هەڵبژاردەکانیانەوە کردووە بۆ ئەنجامدانی یارییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش ئەمجەد عەتوان و عەلی کازم لە هەڵبژاردەی عێراق، محەممەد ئەبو حەشیش لە هەڵبژاردەی ئوردن و محەممەد ئەسوەد لەگەڵ هەڵبژاردەی سوریا.
 
تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی تەڵاڵ بلووشی، رۆژانە دوو یەکەی مەشقی لە تورکیا ئەنجامدەدات، بەیانیان لەنێو هۆڵی لەشجوانی و ئێوارەش لە یاریگەدا درێژە بە خۆ ئامادەکردنیان دەدەن.
 
تاوەکو ئێستا زاخۆ یارییەکی دۆستانەی لە تورکیا ئەنجامداوە و بەرامبەر مەولودییەی جەزائیری دۆڕاوە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یانەکە کاردەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەکانی سوپەرلیگی تورکیا یاری بکات، بۆ ئەوەی لە بەرزترین ئاستدا خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادەبکات.
 
حەمید ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ لە ساکاریاوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئێمە وەکو یانەی زاخۆ سوپاسی کارگێڕی یانەکە دەکەین کە شوێنێکی گونجاوی بۆ کەمپەکە دەستنیشانکردووە و ئێمە و راهێنەری تیپەکەش زۆر رازین و پێمانوایە ئەم کەمپە سوودی زۆری بۆ یانەکە دەبێت و راهێنەریش تارادەیەکی زۆرباش لە هەموو شتەکانی کەمپەکە رازییە و ئەمە شوێنێکە بۆ پشوو و گەشتکردن نییە، بەڵکو بۆ راهێنان و مەشقکردنە و راهێنەر و ستافی راهێنەران لە کارەکە رازین."

 
سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی زاخۆ زیاتر دەڵێت "لە ماوەی 6 رۆژی رابردوودا سوودی زۆرباشمان بینیووە و لە رۆژەکانی داهاتووشدا بەردەوامدەبین لەسەر کارەکەمان بۆ ئەوەی زیاتر سوود لە کەمپەکە وەربگرین."
 
لەبارەی نەبوونی یانەی عێراقی لەو شوێنە، حەمید ئیسماعیل دەڵێت "کارمان لەسەر هەندێک یاریی دۆستانە کردووە کە هیچیان لە تیپەکانی عێراق کەمتر نابێت و راهێنەریش لەسەر یارییە دۆستانەکان کاردەکات."

 
سەرپەرشتیاری تیپەکە دەڵێت "بەو یاریزانانەی گرێبەستیان لێکراوە و گەڕانەوەی ئەوانەی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیانن، پشتبەخوا لە وەرزی نوێدا تیپێکی بەهێز و رکابەرمان دەبێت."