ڤینیسیۆس هەواڵی خۆشی داوەتە کارلۆ ئەنچیلۆتی

04-09-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جۆنیۆر، هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هەواڵی خۆشی داوەتە کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.
 
ڤینیسیۆس پێشتر دووچاری پێکانبووبوو لە یاری یانەکەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ و لە خولەکی 18ی یارییەکەدا بەناچاری یاریگەی بەجێهێشت.
 
دوای پێکانەکەی ڤینی، ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد پشکنینەکان دەریانخستووە کە پێکانی لە رانی راستیدا هەیە.
 
گەرچی ریال مەدرید ماوەی دوورکەوتنەوەی هێرشبەرەکەی لە یاریگە رانەگەیاندبوو، بەڵام میدیای ئیسپانیا گوتیان، ئەو یاریزانە لانیکەم مانگ و نیوێک لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
ڤینی رۆژی شەممە لە یاریی ریال مەدرید و خیتافی ئامادەبوو کە بەسەرکەوتنی ریال مەدرید بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کۆتایی هات.
 
سەرچاوە ئیسپانییەکان گوتوویانە، دوای یارییەکە ڤینی چووەتە لای کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەکە و پێیڕاگەیاندووە، چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی خێراترە لەوەی پێشبینی دەکرا.
 
ڤینی بەسەرپەرشتی پزیشکانی ریال مەدرید، لە ماوەی چارەسەری لە پێکانەکەیدایە. میدیاکان دەڵێن جۆنیۆر بەرلەو ماوەیەی دەستنیشانکراوە، دەگەڕێتەوە یاریگەکان.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، ئەنچیلۆتی بەهەواڵەکە دڵخۆشە، بەتایبەت کە گەڕانەوەی ڤینی بژاردەی یارییکردن بە شێوازی جیاوازتر دەداتە کارلۆ بۆ یارییەکانی پاش راوەستانی نێودەوڵەتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە