دۆزەخەکەی مێسی و نەیمار، یان بەهەشتەکەی ئینریکێ؟

04-09-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی پاریس سانجێرمان لیۆنێل مێسی نەیما داسێلڤا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قسەکانی نەیمار داسێلڤا، ئەستێرەی یانەی هیلالی سعودی، لەبارەی یانەی پاریس سانجێرمان و ناوبردنی ئەو یانەیە بەدۆزەخ، سەرنجی دونیای بۆ سەر دۆخی یانەکە راکێشا و کاردانەوەی بەرپرسانی فەرەنسیی بەدواداهات.
 
نەیمار داسێلڤا کە هاوینی ئەمساڵ بەرامبەر 90 ملیۆن یۆرۆ لە پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە روویکردە هیلالی سعودی، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەبارەی سانجێرمان، دەڵێ، من و مێسی لە سانجێرمان لە دۆزەخێکی راستەقینەدا دەژیاین.
 
لێدوانە ئاگرینییەکانی نەیمار
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە، قسەی بۆ تۆڕی 'گڵۆبۆ'ی بەرازیلی کردووە، دەڵێ "دڵخۆشبووم بەوەی مێسی بەدەستهێنا لە وەرزی رابردوودا، بەڵام دڵتووندیش بووم بۆی".
 
نەیمار گوتوویەتی، "لیۆ بەدەستکەوتەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، گەیشتە بەهەشت، هەموو شتێکی لە کاروانی خۆیدا بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ پاریس لە دۆزەخدا دەژیا".
 
نەیمار و مێسی ساڵانێکی بەرچاو لە بارسێلۆنا پێکەوەبوون و دواتریش مێسی بەگرێبەستێکی دوو ساڵی روویکردە سانجێرمان، لە کاتێکدا نەیمار لە 2017ەوە لەو یانەیە بوو.
 
نەیمار دەڵێ، "من و مێسی لەو دۆزەخەدا دەژیان، هەست بەتووڕەیی زۆر دەکەین، چونکە ئێمە نەچووینە ئەوێ لەپێناو بەدەستهێنانی هیچدا، بەڵکو ئێمە هەموو کات هەموو توانای خۆمان دەخەینەکار و هەوڵی سەرکەوتن و بووین بە پاڵەوان دەدەین، هەروەها هەوڵدەدەین مێژوو تۆمار بکەین، بەڵام بەداخەوە لەوێ ئەوە رووینەدا".
 
نەیمار هەروەها گوتوویەتی، "مێسی بەشێوەیەک کە شایستەی پێگەی ئەو نەبوو، لە سانجێرمان رۆیشت. هەر کەسێک ئەو بناسێت، دەزانێ کە ئەو پابەندە لە مەشقەکان و لەیارییەکاندا دەجەنگێت و بەدۆڕان تووڕە دەبێت".
 
پاشان دەڵێم "بەڵام بەداخەوە ناهەقانە تۆمەتبارکرا، بەڵام من لەگەڵ ئەو ناهەقییانەشدا، دڵخۆشبووم کە ئەو نازناوی مۆندیالی بردەوە".
 
هاوینی ئەمساڵ، مێسیش لە پاریس سانجێرمان هاتە دەرەوە و رووی لە یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی کرد، پاشئەوەی دوا ساڵی ئەو لەگەڵ یانە پاریسییەکە ساڵێکی پڕ لە هەڵچوون و کێشەی جیاوازبوو و هاندەرانی یانە پاریسییەکە هێرشی زۆریان کردە سەری و تەنانەت جنێویان بە دایکی دا.
 
مێسی رایگەیاندبوو کە لە پاریس سانجێرمان هەستی بەگوشاری زۆر کردووە، بۆیە دەیویست لە یانەکە بێتە دەرەوە و روو لە شوێنێک بکات کە تێیدا دڵخۆش بێت و هەست بەئارامی بکات و دووربێت لە گوشارەکان.
 
ئینریکێ وەڵامدەداتەوە
 
لویس ئینریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان، لە وەڵامی قسەکانی نەیماردا کارەکەی بە "ئەزموونی کەسی" ناوبرد.
 
ئەو راهێنەرە لە پاش بردنەوەی یانەکەی لە لیۆن لە هەفتەی چوارەمی خولی لیگ ئا، قسەی لەسەر لێدوانەکانی نەیمار کرد، ئەو دەڵێ، "ئەوە ئەزموونی کەسیی مێسی و نەیمارە، هەر کەسە و بەشێوازی تایبەتی خۆی دەژی".
 
راهێنەری سانجێرمان کە ئەمساڵ لەگەڵ یانەکە دەستبەکاربووە، دەڵێ، "من وەکخۆم لە یانەکە دڵخۆشم، تیپێکی نموونەییم هەیە و دەمەوێت ئەنجامی بەهێز بەدەست بهێنم".
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە، لەبارەی راهێنەرانی پێشخۆی و ئەزموونکردنی ژیان لە سانجێرمان دەڵێ، "راهێنەرانی پێشووی تیپەکەمان بینیوە، ئەوان زوو رۆیشتن، بەڵام من دەمەوێت لێرە زۆر بمێنمەوە و ماوەیەکی زۆر لەگەڵ یانەکە بەردەوام بم".
 
وەزیریش هاتە سەرهێڵ
 
ئیمێلی ئۆدیا کاستێرا، وەزیری وەرزشی فەرەنسا، کۆمێنتی لەسەر قسەکانی نەیماردا، ئەو دۆخەکە بە "بێئومێدی" ناوبرد.
 
کاستێرا لەبارەی قسەکانی نەیمارەوە دەڵێ، من وا لەو دوو پاڵەوانە تێگەیشتم کە ئەو "پاڵەوانی ناوازانە" هەستیان بە "دڵتووندی"دەکرد لە ماوەی یارییکردنیان لەگەڵ یانە پاریسییەکە.
 
وەزیرە فەرەنسییەکە زیاتر دەڵێ، نەیمار و مێسی "بێئومێدبوون، چونکە نەیانتوانی بدرەوشێنەوە لە سانجێرمان، بەتایبەت لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا".
 
کاستێرا هەروەها پێیوایە، کە پاڵنەری پشتی قسەکانی نەیمار "بێئومێدبوونی پاڵەوان"ە لەوەی کە نەیتوانیوە وەک پاڵەوان دەربکەوێت.
 
پاریس قسەی هەیە
 
دوای لێدوانەکانی نەیمار، یانەی پاریس سانجێرمان لە رێگەی بەرپرسێکی نەناسراوەوە قسەی لەسەر دۆخەکە کرد.
 
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی لە زاری بەرپرسێکی ناونەهێنراوی سانجێرمانەوە دەڵێ، "ئێمە کۆمێنتمان لەسەر قسەکانی نییە، ئەوەش لەبەرئەوەی پابەندین و ئارامیی خۆمان دەپارێزین".
 
بەرپرسەکە بە رۆژنامەکەی گوتووە، "سەیرە کاتێک دەبینی یاریزانێک دوای رۆیشتنی ئەو قسانە دەکات، لە کاتێکدا خۆیان لە پاریس سانجێرمان مابوونەوە و لەگەڵمان بەردەوامبوون".
 
سانجێرمان ئەمساڵ لەگەڵ لویس ئینریکێ، سەردەمی پاش دەستبەرداربوون لەو دوو یاریزانە گەورەیەی دەستپێکرد و لە هاوینی ئەمساڵدا، یانە پاریسییەکە چەندین گرێبەستی لە هێنانی یاریزانان بۆ ریزەکانی ئەنجامدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە