ڤیدیۆ؛ لایپزیگ سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی لایپزیگ، لە گەڕی سێیەمی خولی تۆپی پێی ئەڵمانیا لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە یونیەن بەرلینی بردەوە.
 
دوای ئەوەی نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، لە نیوەی دووەمدا کۆنترۆلی یارییەکە کەوتە دەست تیپی میوان و دوای تێپەڕبوونی تەنیا 6 خولەک، چاڤی سیمۆن بە لێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزاوە گۆڵی پێشکەوتنی لایپزیگی تۆمارکرد.
 
ناوبژیوان لە خولەکی 64 کارتی سووری بە رووی کیڤن ڤۆلاندی یاریزانی یونیەن بەرلیندا بەرزکردەوە.
 
لایپزیگ سوودی لەو بڕیارەی ناوبژیوان وەرگرت و لە خولەکی هەشتا و پێنج گۆڵی دووەمی خۆی، لە رێگەی بنیامین سیسکۆەوە تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا دوو خولەک هەمان یاریزان گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی تۆمارکرد و لایپزیگ بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر بردییەوە.
 
بەهۆی ئەو سەرکەوتنەوە، لایپزیگ بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ گەیشتە پلەی چوارەمی ریزبەندیی خولەکە، لە کاتێکدا یونیون بەرلین لە پلەی پێنجەمدایە و ئەویش شەش خاڵی هەیە.