ڤیدیۆ؛ کامنا یەکەمی قۆناخی نۆیەمی گەشتی ئیسپانیا بوو

رووداو دیجیتاڵ

 

لینارد کامنا، پایسکیلسواری ئەڵمانی، لە قۆناخی نۆیەمی گەشتی ئیسپانیا بۆ پایسکیلسواریدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. 
 
ماوەی ئەم قۆناخە سەد و هەشتا و چوار کیلۆمەتر و نیو بوو، لە کارتاجێنا دەستیپێکرد و لە کویادۆ دی لا کروز کاراڤاکا کۆتاییهات.
 
کامنا بۆ سێیەمجار لە ژیانی خۆیدا پلەی یەکەمی قۆناخێکی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی بەدەستهێنا، کە سێ ساڵ لەمەوبەر پلەی یەکەمی لە قۆناخێکی تور دو فرانس و یەکێکیش لە گەشتی ئیتاڵیادا بەدەستهێناوە.
 
پایسکیلسواری تیپی بۆرا هانسگرۆ لە ماوەی چوار کاژێر و بیست و هەشت خولەک و پەنجا و نۆ چرکەدا ماوەی پێشبڕکێکەی بڕی و پێش ماتیۆ سۆبێرۆی ئیتاڵی کەوت کە پلەی دووەمی بەدەستهێنا و کریس هامیلتۆنی ئوسترالی پلەی سێیەمی بۆ مایەوە.
 
بە کۆتاییهاتنی قۆناخی نۆیەم، پایسکیلسواری ئەمریکی، سێب کۆس، شوێنی لە پێشەنگی ریزبەندیی گشتی گەشتەکەدا پێشەنگی خۆی پاراست و بە جیاوازی چل و سێ چرکەیی پێش مارک سۆلاری ئیسپانی دێت، کە پلەی دووەمی گرتووە.
 
رێکخەرانی پێشبڕکێکە بڕیاریاندا مەودای قۆناخەکە دوو کیلۆمەتر کەم بکەنەوە، چونکە ئەو ناوچەیەی پێشتر بڕیاربوو کۆتایی قۆناخەکە بێت، قوڕاوی بوو.