سکانداڵێکی گەورە لە ئیسپانیا ئاشکرا بوو


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، سەرهەڵدانی تەنگژەیەکی نوێیان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ئاشکراکردووە کە پەیوەندی بە گەندەڵییەکی نوێوە هەیە لە فیدراسیۆنەکەدا.
 
سکانداڵ و تەنگژە نوێیەکە، دوای مشتومڕی ماوەی رابردوو دێت لەبارەی هەڵسوکەوتی لویس رۆبیالێس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بەرامبەر یاریزانانی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا، لە کاتی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی مۆندیالی خانمان، کە ئیسپانیا نازناوەکەی بەدەستهێنا.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، مووچەی هەریەکە لە رۆبیالێس و سێ ئەندامی دیکەی فیدراسیۆنەکە بەبەردەوامی لە ماوەی نێوان ساڵانی 2018 تاوەکو 2021 زیادیکردووە.
 
راپۆرتەکان دەڵێن، مووچەی لویس رۆبیالێس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، ئاندرۆ کامپس، ئەمینداری هەمان فیدراسیۆن، خۆسێ مۆلینا، بەڕێوەبەری وەرزشی و سێ راهێنەری یەکەمی هەڵبژاردەکە کە پێکهاتوون لە جۆلین لۆپیتیگێ، لویس ئینریکێ و رۆبێرت مۆرینیۆ، ساڵی 2018 بڕی یەک ملیۆن و 800 هەزار یۆرۆ بووە، بەڵام ساڵی 2021 بووەتە زیاتر لە حەوت ملیۆن یۆرۆ.
 
راپۆرتەکە روونی نەکردووەتەوە مووچەی هەریەک لەو ناوانە چەند بووە، بەڵام ئاشکرایکردووە مووچەی هەندێکیان بەڕێژەی 80 لەسەد، هەندێک 61 لەسەد و هەندێکی دیکە 30 لەسەد زیادیکردووە، بەڵام دواتر بەڕێژەی 25 لەسەد کەمکراوەتەوە.
 
وەک راپۆرتەکە دەڵێ، زیادکردنەکان بەبێ بیانوو بووە و کەمکردنەوەکەش بەبێ بیانوو بووە.
 
راپۆرتەکە دەڵێ، پێشبینیکراوە لێکۆڵینەوە لەو زیادکردنە دەستپێبکات بۆ زانینی هۆکاری زیادبوونەکان و ئاشکراکردنی ئەوانەی لەکارەکەوە گلاون.
 
رۆبیالێس لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی رەخنەی زۆر و گوشاری زۆر بووەتەوە بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی، بەڵام ئەو سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە کارەکەی.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی 90 رۆژ و بەشێوەی کاتی، رۆبیالێسی لە کارەکەی سڕکردووە.