ڤیدیۆ؛ لە یارییەکی ماراسۆنیدا پۆرتۆ دوو خاڵی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

 

لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی پۆرتوگالدا، لە یارییەکی ماراسۆنیدا، کە 20 خولەک کاتی زیادکراوی هەبوو، یانەی پۆرتۆ لە دواخولەکەکاندا خۆی لە شکست رزگارکرد و بە ئەنجامی 1-1 لەگەڵ ئارۆکا یەکسانبوو.
 
لە خولەکی دوانزەدا مەهدی تارمیی هێرشبەری ئێرانی گۆڵێکی بۆ پۆرتۆ تۆمارکرد، بەڵام دوای ئەوەی ناوبژیوان گەڕایەوە ڤار، گۆڵەکەی هەژمار نەکرد.
 
ئەنجامی یارییەکە بەبێ گۆڵ تاوەکو خولەکی هەشتا و سێ مایەوە، کاتێک کریستۆ گۆڵی یەکەمی بۆ ئارۆکا تۆمارکرد.
 
مەهدی تارمی لە ناوچەی سزا کەوتە خوارەوە، ناوبژیوان لە کۆتا خولەکی یارییەکەدا لێدانی سزای لە بەرژەوەندی یانەی پۆرتۆ هەژمارکرد، بەڵام ئەمجارەش دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، ناوبژیوانەکە بڕیارەکەی گۆڕی.
 
ناوبژیوان لە خولەکی پانزەی کاتی زیادکراوی گێمی دووەمدا لێدانێکی دیکەی سزای لە بەرژەوەندی پۆرتۆ گرت، بەڵام گالینۆ سەرکەوتوو نەبوو لە جێبەجێکردنی و گۆڵپارێزی ئاراوکا، ئیگناسیۆ دی ئۆروبینا، توانی لێدانەکەی بگەڕێنێتەوە.
 
ئیڤانیلسۆن یاریزانی یەدەگ، پۆرتۆی رزگارکرد کاتێک لە خولەکی بیستی زیادکراوی یارییەکەدا گۆڵی یەکسانکردنەوەی تۆمارکرد.
 
بەهۆی ئەو یەکسانبوونەوە، پۆرتۆ گەیشتە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولەکە، لە 10 خاڵی هەیە و بواڤیستای بە جیاوازیی گۆڵ لە پێشەنگە. لە کاتێکدا ئارۆکا بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ پلەی حەوتەمی گرتووە.