ڤیدیۆ؛ کورتکراوەی بردنەوەی ئینتەرمەیامی لە لۆس ئانجلێس

04-09-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
لیۆنیل مێسی
لیۆنیل مێسی
نیشانەکردن لیۆنێل میسی ئینتەرمەیامی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمەیامی بەسەرکردایەتیی لیۆنێل مێسی درێژەی بەسەرکەوتنەکانیدا و ئەمجارە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان لە یانەی لۆس ئانجلێس ئێف سیی بردەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی خولی ئەمریکا، یانەی ئینتەرمەیامی رووبەڕووی یانەی لۆس ئانجلێس ئێف سی بووەوە، کە جۆرجیۆ کیلینی بەرگریکاری بەنێوبانگی ئیتاڵی یاریی بۆ دەکات و مەیامی یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
یارییەکە بە هێرشەکانی خاوەن یاریگە دەستیپێکرد، لۆس ئانجلێس چەندجارێک خۆی لە گۆڵی ئینتەرمەیامی نزیککردەوە، بەڵام یاریزانەکانی لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون.
 
لە خولەکی 14 فاکوندۆ فاریاس بێدەنگیی شکاند و گۆڵی یەکەمی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد.
 
دوای ئەم گۆڵەی ئینتەرمەیامی لۆس ئانجلێس چەند هەلێکی دیکەی بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە لەدەستدا، لیۆنێل مێسیش هەلێکی ئاسانی بەفیڕۆدا و نیوەی یەکەم بەپێشکەوتنی ئینتەرمەیامی کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا مێسی تۆپێکی سەرنجڕاکێشی گەیاندە خۆردی ئەلبا و بەرگریکارە ئیسپانییەکە گۆڵی دووەمی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد.
 
هێرشەکانی ئینتەرمەیامی بۆ سەر گۆڵی خاوەن یاریگە بەردەوامبوون، لە خولەکی 82 مێسی ئاسیستێکی دیکەی کرد و لیاندرۆ کامپانا ئینتەرمەیامیی کردە خاوەنی سێ گۆڵ و زیاتر لە بردنەوەی یارییەکەی نزیککردەوە.
 
لە خولەکی 90 ریان هۆلینگشید ئەنجامەکەی بۆ لۆس ئانجلێس کەمکردەوە، بەڵام هیچی لە بارودۆخی تیپەکەی نەگۆڕی و ئینتەرمەیامی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
یانەی ئینتەرمەیامی لەو کاتەوەی مێسی پەیوەندیی بە تیپەکەوە کردووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەم بردنەوەیە یانەکە بووە خاوەنی 25 خاڵ و لە پلەی چواردەیەم و پێشکۆتایی ریزبەندی بەشی رۆژهەڵاتی خولی ئەمریکایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە