ئارتێتا: لە چوونە ئۆڵدترافۆرد ناترسین

رووداو دیجیتاڵ

زنجیرەیەک بردنەوەی یەک لە دوای یەک، بەدەستهێنانی تەواوی خاڵەکان و گواستنەوە لە یاریگەیەوە بۆ یاریگەیەکی دیکە بەسەرکەوتنەوە، دۆخێکی جیاواز لە سەرجەم ساڵانی پێشوویان لە ئارسیناڵدا دروستکردووە.
 
ئارسیناڵ کە ئەمساڵ پێداچوونەوەی گەورەی بە پێکهاتەکەیدا کردووە و تیپەکە لە هەموو روویەکەوە خۆی بەهێزکردووە و وەک راهێنەرەکەی دەڵێ، کارگێڕییەکەی کەمتەرخەمی لە هیچ شتێکدا نەکردووە، تاقیکردنەوەی راستەقینە بەرامبەر مانچێستەر یونایتد دەستپێدەکات.
 
ئەوەی ئارتێتا لە یارییەکانی رابردوودا بەدەستهێناوە، بەتەواوی لە یارییەکەی ئەمڕۆ جیاواز دەبن، چونکە چوونە ئۆڵدترافۆرد گەرچی مان یونایتد تیپێکی ئەنجام خراپیش بێت، بۆ ئارسیناڵ ئاسان نییە کە ساڵانێکە یونایتد بەسەریدا باڵادەستە.
 
میکێل ئارتێتا، لەبارەی ئەو یارییەوە گوتی "باوەڕناکەم یاریزانەکانم هەستی ترسان لە ئۆڵدترافۆردیان هەبێت.. چونکە ئەوان بەپێی پێویست باشن بۆ ئەوەی بەدڵنیاییەوە روو لەوێ بکەن و یارییەکە ببەنەوە، پێموایە بڕوای تەواومان بەوە هەیە کە دەکرێ ئەوە رووبدات. ئەگەر ئەوە رووینەدا، کەواتە با یاریزانەکان لە ماڵەوە بمێننەوە و نەچن بۆئەوێ باشترە".
 
ئارتێتا لەم سەرەتای وەرزەدا، خەونێکی گەورەی بۆ هاندەرانی یانەکەی دروستکردووە، چونکە ئەو تیپە کە کاریگەرتر لە بەرامبەر رکابەرەکانی دەردەکەوێت و ویستی بردنەوەی زۆرە و خاڵی لەدەستنادات، ساڵانێکی زۆرە ئەم دۆخەی بەخۆوە نەبینیووە و ئەوەی ئێستا بەدەستهاتووە، وایکردووە هەمووان بڕوایان بەوە هەبێت، ئیدی سەردەمی خەمۆکی و ئەنجامی خراپ، لە یانەکەدا بەسەرچووە.
 
میکێل ئارتێتا، سەبارەت بە گرێبەستە نوێکانی یانەکەی، دووپاتیکردەوە "پێموایە گرێبەستەکان هاوکارمان دەبن.. کاتێک لەوە دڵنیا دەبینەوە کە یاریزانەکانمان ناسی، کاتێک بینیمان ئەوە دەکەن کە پێشبینی دەکەین بۆمان بکەن، ئەوان کاتێک دێن و رۆحیەتی بردنەوە پێشاندەدەن، ئەمە مانای ئەوەیە روونە کاریگەرییان چەندە، بەڵام قورسە دەستینیشانی بکەین ئەو کاریگەرییە چەندە".
 
ئارسیناڵ وەک تیپێکی تۆکمە خۆی پێشانداوە، لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگەی خۆیدا خاڵەکانی بەدەستهێناوە. لە رووی هێرشبەرییەوە تیپێکی کاریگەرە و لە رووی بەرگرییەوە پتەوە، گرێبەستە نوێیەکانی یانەکە رۆحێکی جیاوازیان بە پێکهاتەکە بەخشیووە کە دەکرێ خەونی باشتری لەسەر بونیاد بنرێت.
 
ئارسیناڵ گەرچی سەرچاوەکانی گۆڵکردنی فرە و جیاوازە و خیسۆس دوای تۆمارکردنی سێ گۆڵ بۆ یانە نوێیەکەی، ئیدی لە یارییەکەی مانچێستەر یونایتددا دەکرێ هێزی زیاتر پێشان بدات و کاریگەرانەتر بەشداری لە یارییەکەی ئەمڕۆدا بکات بۆئەوەی پێشانی بدات ئەو ئارسیناڵەی ئەم لەگەڵیدا دەستی بەبەشێک لە ژیانی نوێ کردووە، جیاوازە لەو ئارسیناڵەی ساڵانی پێشوو بینراوە.