رووداو - هەولێر
زانا حاجۆ، کوردێکی رۆژئاڤای کوردستانە، ئەو لە ساڵی 1991 و 1992 لە ریزەکانی هەڵبژاردەی سووریا یارییکردووە، حاجۆ ئێستا لە ئەڵمانیا سەرپەرشتی تیپێکی کوردانی ئەو وڵاتە دەکات.
زانا ئێستا راهێنەری یانەی براتییە، ئەو یانەیە لە خولێکی میللی ئەڵمانیا یارییدەکات، زۆرینەی یاریزانەکانیشی کوردن و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن، راهێنەرەکە ئامانجی ئەوەیە ئەو ئەزموونەی لە تۆپی پێدا هەیە لەگەڵ هاونیشتمانەکانی بەش بکات.
تۆڕی میدیایی رووداو چیرۆکی دروستبوون و ئامانجەکانی ئەو یانەیە دەگێڕێتەوە، زانا حاجۆ، راهێنەری یانەکە دەڵێت، لە ئەنجامەکانی یانەکەی رازی نییە و کێشەی زۆریان هەیە، هۆکارەکەشی ئەوەیە زۆرینەی یاریزانەکانی کاردەکەن و ناتوانن ئامادەی راهێنانەکان ببن، ئەمەش کێشەی زۆری بۆ دروستکردوون.
ئەم یانەیە 4 ساڵە دامەزراوە، دەستەی کارگێری یانەکەش زۆرینەیان یاریزانی پێشوون و ئامانجی گەورەیان هەیە، مەحموود عەلی، سەرۆکی یانەکە بە رووداوی گوت، زۆر کێشە هەبوون کاتێک چوار ساڵ لەمەوبەر ئەم یانەیەمان دروستکرد، ساڵ لە دوای ساڵ باشتر دەبین، خەلک زیاتر ئێمە دەناسێت و گەنجی باشتر پەیوەندیمان پێوەدەکەن، ئێمە دەمانەوێت کێشەکان بە رێگەی راست چارەسەربکەین و هیواخوازین بگەینە ئامانجی خۆمان.
سیپان خالد، یاریزانێکی یانەکەیە و دەڵێت، ئەوانەی ئێستا بۆ تیپەکە یارییدەکەن هەندێک گەورەن، ئامانجی ئێمە ئەوەیە نەوەی داهاتوو سوود لە یانەکە وەربگرێت و خزمەت بەم یانەیە بکەن.
نەسیم خەلەف، یەکێکی دیکەیە لە یاریزانانی یانەی براتی، ئەو دەڵێت، هیوادارم خەڵکی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت منداڵەکانیان بنێرنە ئەم یانەیە، بۆ ئەوەی زیاتر پێشبکەوین، ئێمە توانای خۆمان و ئەزموونی یاریزانە گەورەکان زیاتر بەرەوپێشچووین.
یانەی براتی یەکێکی دیکەیە لەو یانانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەلایەن کوردەکانی ئەو وڵاتە دامەزراوە و ئامانجیان ئەوەیە لە داهاتوودا لە یەکێک لە خولە گەورەکانی ئەڵمانیادا خۆیان ببیننەوە.
داڕشتنەوە؛ سامان وڵاتژێری
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ