رۆماریۆ: ئەرکی نەیمار بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر زەحمەتر بوو

رووداو- هەولێر

رۆماریۆی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و پەرلەمانتاری ئێستای بەرازیل پێی وایە، هەوڵەکانی نەیمار بۆ بردنەوەی نازناوی باشترین یاریزانی جیهان زەحمەتربوو، بەهۆی رۆیشتنی لە یانەی بارسێلۆنا.

رۆماریۆ کە ئەستیرەیەکی دیاری تۆپی پێی بەرازیلە و ماوەی دوو وەرز یاریی بۆ بارسێلۆنا کردووە، بە رۆژنامەی ئالبایێسی بەرازیلی راگەیاندووە، یانەی بارسێلۆنا دووچاری زیانێکی زۆر بوو بە لەدەستدانی نەیمار داسێلڤا، بەڵام ئەرکی نەیمار لە بردنەوەی نازناوی باشترین یاریزانی جیهان زۆر قورسبوو، چونکە کەشی یانەی بارسێلۆنا زۆر لەبارترە لە کەشی پاریس سانجێرمان بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر، نەیمار لەو دوو وەرزەی لەگەڵ بارسا ئاستێکی نمونەیی هەبوو و لەماوەیەکی کەمدا دەبووە ئەستێرەی یەکەمی یانەکە، بەڵام پەلەی کرد و هیوادارم لە سانجێرمان دڵخۆش بێت.

رۆماریۆی 51 ساڵ لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت، ئەگەر ئێستا یاریزان بوومایە لە لالیگا دەمتوانی رکابەری مێسی و رۆناڵدۆ بکەم لە بردنەوەی باڵۆن دۆر و بەسەر هەردووکیان سەردەکەوتم.