خلێفی شەڕەکەی لە دژی پێرێز راگەیاند

04-08-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز ناسر خلێفی ئێمریک لاپۆرت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان یەکەم هەنگاوی دەستپێکردنی رکابەریکردن لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید نا، و ئامانجێکی ئەوی کردە ئامانجی خۆی.
 
ئەگەرچی پێشتر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان و سەرۆکی هەردوو یانەکە زۆر باش بوو، بەڵام دوای لەدایکبوونی بیرۆکەی سۆپەرلیگ و دواتریش گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریزەکانی ریال مەدرید، پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو یانەیە و ئەو دوو سەرۆکە تێکچووە.
 
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی ئارەزووی خۆی بۆ گواستنەوەی ئێمریک لاپۆرتی یاریزانی ئیسپانی، بەرگریکاری یانەی نەسڕی سعودی لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا نیشاندا، کە ئامانجێکی سەرەکی ریال مەدریدە.
 
بەگوتەی رۆژنامەڤان خۆزێ ئەلڤارێز، یانە فەرەنسییەکە دەیەوێت پێگەی بەرگریکاری چەپی ناوەڕاستی بەهێز بکات، بەگرێبەستکردن لەگەڵ لاپۆرت، ئەوەش لەسەر داوای  لویس ئێنریکی راهێنەر.
 
ئەو رۆژنامەڤانە، کە لە بەرنامەی بەنێوبانگی ئیل چێرینگویتۆی ئیسپانی کاردەکات، ئاماژەی بەوەدا کە یانە فەرەنسییەکە، بەرگریکارێکی ناوەڕاستی دەوێت و بیر لەوە دەکاتەوە دەستەوارەیەکی گرانبەها بۆ گواستنەوەی لاپۆرت بخاتەڕوو.
 
یاریزانە ئیسپانییەکە لەلایەن چەند یانەیەکی دیکەی ئەوروپییەوە بایەخی پێدەدرێت، دیارترینیان ریال مەدرید، ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئاتلێتیک بیلباون، بەتایبەتی ریال مەدرید، کە هەندێک لە سەرچاوەکان بەر لە چەند رۆژێک باسیان لەوە دەکرد کە یاریزانەکە نزیکە لە چوونە ریزەکانی ریال مەدرید، ئەگەرچی هێشتا مێرینگێ هیچ دەستەوارەیەکی فەرمی پێشکێشی یانەی نەسڕ نەکردووە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی پێشوو باس لەوە دەکەن کە لاپۆرت ئامادەیە دەستبەرداری دوو ساڵی دیکەی گرێبەستەکەی بێت لەگەڵ نەسڕ بۆ ئەوەی لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا ریزەکانی یانەکەی جێبهێڵێت.
 
ناوی لاپۆرت لە گواستنەوەکانی ئەم هاوینەدا پەیوەندییەکی بەهێزی بە یانەی ریال مەدریدەوە هەیە، کە فلۆرێنتینۆ پێرێز بەمەبەستی بەهێزکردنی هێڵی دواوەی تیپی شاهانە دەیەوێت بیباتە ریزەکانی ریال مەدرید، کە دوای رۆیشتنی ناچۆی ئیسپانی بۆ یانەی قادسیە لە سعودیە و رافایل مارین هاونیشتیمانییەکەی بۆ ناپۆلی ئیتاڵیا و ئازارەکانی دەیڤید ئالابای نەمسایی بەهۆی پێکانێکی درێژخایەن.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، لە راپۆرتێکی پێشوودا ئاماژەی بەوەکردووە، بەڕێوەبەری کارەکانی لاپۆرت کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ دەکات، بەئامانجی گواستنەوەی بۆ یانەی ریال مەدرید.
 
یانەی نەسڕ هاوینی رابردوو لاپۆرتی لە یانەی مانچێستەر سیتییەوە گواستەوە، کە ماوەی گرێبەستەکەی 3 ساڵە.
 
بەرگریکارە ئیسپانییەکە، کە بەمدواییە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا 2024 نازناوەکەی بردەوە، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 39 یاری بۆ نەسڕ ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا 4 گۆڵی تۆمارکرد و ئەسیستێکیشی هەبوو.
 
هەر کاتێک یانەیەک رکابەری فلۆرێنتینۆ پێرێزی کردبێت و هەوڵی دابێت ئامانجێکی ئەو بباتە ریزەکانی، بەزۆری پاشگەز بووەتەوە، چونکە یان لە رکابەریکردنەکەی سەرکەوتوو نەبووە، یان دواتر پێرێز بە جۆرێک لە جۆرەکان تۆڵەی لێکردووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە