برایتوایت دەیەوێت یانەیەکی بەنێوبانگی ئیسپانیا بکڕێت

04-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مارتن برایتوایت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مارتن برایتوایت، ئەستێرەی هەڵبژاردەی دانیمارک و یاریزانی نوێی یانەی گرێمیۆی بەرازیلی، بیر لە کڕینەوەی یانەیەکی پێشووی دەکاتەوە.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە راپۆرتێکدا دەڵێت "مارتن برایتوایت کاردەکات بۆ ئەوەی یانەی ئیسپانیۆلی ئیسپانی بکڕێتەوە و کار بۆ باشترکردنی دۆخی یانەکە بکات."
 
رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، مارتن برایتوایت لە دۆخی ئێستای یانەی ئیسپانیۆل ناڕازییە، بۆیە لەرووی ئابوورییەوە بیر لەوە دەکاتەوە، ئەو یانەیە لەو دۆخە خراپە رزگاربکات و زۆرینەی پشکەکانی یانەکە بکڕێتەوە.
 
یانەی ئیسپانیۆل یەکێکە لە یانە دێرینەکانی ئیسپانیا و هەرێمی کەتەلۆنیا، دوو وەرز لەمەوبەر یانەکە لە لالیگا بۆ خولی پلە یەکی ئیسپانیا دابەزی و ئێستا لە دۆخێکی خراپدایە لەرووی ئاست و ئەنجامەوە.
 
مارتن برایتوایت، لە دەرەوەی تۆپی پێ یەکێکە لەو یاریزانانەی کەسێکی زۆر دەوڵەمەندە و لە ئەمریکا کۆمپانیای وەبەرهێنان و خانووبەرەی هەیە.
 
برایتوایت، ئێستا تەمەنی 33 ساڵە، لە 2022 تاوەکو 2024 لە یانەی ئیسپانیۆل یارییکردووە، لە وەرزی نوێدا لە ریزەکانی یانەی گرێمیۆی بەرازیلی ئەزموونێکی نوێ تاقیدەکاتەوە.
 
هێرشبەرە دانیمارکییەکە لەکاتێکدا بیر لە کڕینەوەی یانەی ئیسپانیۆل دەکاتەوە، ئێستا نرخی پێکهاتەی تیپی تۆپی پێی یانەکە 40.80 ملیۆن یۆرۆیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە