بۆچی هەمووان دەیانەوێت قوتابییەکانی گواردیۆلا بکەنە راهێنەری تیپەکانیان؟

04-08-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا ڤینسێنت کۆمپانی ئینزۆ مارێسکا میکێل ئارتێتا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی، خەریکە قۆناخی ناونان بەتەنیا بەفەیلەسووف تێدەپەڕێنێت، بۆخۆی دەبێتە خاوەن فێرگەیەک بۆ پێگەیاندنی راهێنەرانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی دونیا.
 
پێپ، بەیەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییە وەرزشییەکان لەسەر ئاستی دونیا دادەنرێت، ئەو خاوەنی فەلسەفە و شێوازی کارکردنی خۆیەتی، شێوازێک کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە. کارەکە بەجۆرێکە ئێستا قوتابی و دەرچووەکانی ژێر دەستی پێپ، بەشێکی گەورە لە یانە گەورەکانی ئەوروپا مەشقدەدەن.
 
ئەگەر لە رووی نازناو و سەرکەوتنەوە بێت، پێپ دووەم گەورەترین راهێنەری تۆپی پێیە لەپاش سێر ئەلێکس فێرگسۆنی راهێنەری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزییەوە، بەڵام پێپ لەوەدا پێش هەمووان کەوتووە، کە بۆخۆی بووەتە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی دەیان راهێنەری لاو.
 
گواردیۆلا، ساڵانێکە سەرقاڵی کاری مەشقدانە، سەرەتاکانی ئەو لە بارسێلۆنا و درێژەدان بەسەرکەوتن لە یانە جیاوازەکان، وایکردووە هەمووان ئەوەیان بەلاوە پەسند و کاریگەربێت، رۆژێک لە رۆژان، یاریدەدەرێکی فەیلەسووف بکەنە راهێنەری تیپەکانیان.
 
لەسەرکەوتنەوە بۆ وردەکاریی
 
ئەوەی بۆ هەموو یانەکان سەرنجڕاکێشە لەبابەتی کارکردن یان دەستنیشانکردنی یەکێک لە یاریدەدەرەکانی پێشووی پێپ، وەک راهێنەری تیپەکانیان، بەشێکی پەیوەندی بەکاریزما و شێوازی کارکردنی ئەوەوە هەیە کە هەموو کات تەنیا بەسەرکەوتن رازی دەبێت.
 
بەشێکی دیکە پەیوەندی بە سیستمی کارکردنی ئەوەوە هەیە کە پێپ دەزانێت چۆن کاریگەریی پێویست دروست بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی بەشوێنیدا دەگەڕێت، ئەو فەلسەفەیەی پشت بەهاوسەنگیی دەبەستێت، لەنێوان "بایەخی ئەوەی دەتەوێت ئەنجامی بدەیت و ئەوەی چۆن ئەنجامیدەدەیت".
 
پێپ لە فەلسەفەی کارەکەی خۆیدا، پشت بەبەدەستهێنانی ئەنجام دەبەستێت، لە کاتێکدا دونیای وەرزش و تۆپی پێ بەتایبەت، بووەتە دونیایەکی ئاڵۆز و پڕ گرێوگۆڵ.
 
هۆکارێکی دیکە بۆ گەیشتنی پێپ بەلووتکە، پەیوەندی بەتوانای ئەو راهێنەرەوە هەیە لە گەشەپێدانی توانای یاریزانان و بەرزکردنەوەی ئاستیان و جێگیر مانەوە لەو ئاستە بەرزەدا.
 
پێپ لە ساڵانی کارکردنیدا، جیا لە بەرزکردنەوەی ئاستی یاریزانان تاک بەتاک، کارێکی زۆر گرنگتری کردووە کە بریتییە لە هێشتنەوەی یاریزانەکان لە باشترین ئاستی خۆیاندا.
 
ئەو راهێنەرە لە مانچێستەر سیتی، چەندین یاریزانی نەناسراوی کردە ئەستێرە و بەردەوامیدا بەدرەوشانەوەیان، کیڤن دیبرۆین، بەرجەستەترین نموونەی ئەستێرە بەردەوامەکانە لە درەوشانەوە. مێژووی کارکردنی پێپ، مێژوویەکی پڕە لەو یاریزانانەی بەساڵانی مانەوە لە ژێر دەستی گواردیۆلادا، بوونەتە ئایکۆنی سەرکەوتن لە دونیای تۆپی پێدا.
 
سەرکەوتنی لە پەرەپێدانی توانای یاریزانان، پەڕیوەتەوە بۆ پەرەپێدانی توانای ئەو کەسانەی رۆژانێک وەک یاریدەدەر لەگەڵیدا دەردەکەون و لەسەر هێڵ لەگەڵیدا دەمێننەوە و رێنوێنی تیپەکانی دەدەن، ئەوان توانیویانە کاتێک هەلی دەرکەوتنیان بۆ دەڕەخسێت، کاری بەرچاو ئەنجام بدەن، ئەوەش بووەتە مایەی سەرنج لای یانە گەورەکانی ئەوروپا.
 
پێپ تەنیا بەسەرکەوتنەوە ناوەستێت، بەڵکو خۆی و هەموو ئەوانەش کەلەگەڵیدا کاردەکەن، لە بابەتی وردەکاریی سەرکەوتندا قووڵ دەکاتەوە، ئەوە هۆکارە بۆ ئەوەی هەمووان وەکئەو بیر لە وردەکارییەکان بکەنەوە و رێگەی جیاواز بۆ گەیشتن بەسەرکەوتن، لە رێگەی وردەکارییەکانەوە بدۆزنەوە.
 
لیستی درێژی راهێنەران
 
گواردیۆلا رۆڵی هەبووە لە دروستکردنی ژمارەیەک راهێنەری گەورە لە ساڵانی رابردوودا کە ئێستا ئیدی بوونەتە جێگەی سەرنجی یانە گەورەکان.
 
لە چەند وەرزی رابردوودا، کارەکانی پێپ لە دروستکردنی راهێنەراندا، یان کاریگەریی دروستکردن لەسەر بونیادنانی کەسایەتی و بیری راهێنەران، بەتەواوی دەرکەوت، کاتێک میکێل ئارتێتا بووە ئەو راهێنەرەی ئارسیناڵی پاش ساڵانێک لە کەوتن، گەڕاندەوە سەر رێڕەوی رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان.
 

 

 

لە چەند وەرزی رابردوودا، ئارتێتا پێشانیدا کە دەتوانێ فەلسەفەکەی پێپ لەشوێنێکی دیکە پەیڕەو بکات، بەڵام گەشەی پێبدات و جێپەنجەی خۆیشی بەسەرەوە بەجێبهێڵێت، تاوەکو رێگەی سەرکەوتن بدۆزێتەوە.
 
چابی ئەلۆنسۆ، یەکێکی دیکەبوو لەو راهێنەرانەی کە سەرنجی زیاتری دونیای بردە سەر پڕۆژەی پێگەیاندنی راهێنەران، لەلایەن پێپەوە.
 
ئەلۆنسۆ، ئەگەرچی پێشتر بەهۆی یارییکردن و کارکردن لەگەڵ گەورە راهێنەرانی وەک جۆزێ مۆرینیۆ، کارلۆ ئەنچیلۆتی و پێپەوە، لە کاری راهێنەرایەتیدا قووڵ بووبووەوە، بەڵام سەرکەوتنی ناوازەی ئەو لە یەکەم وەرزی کارکردنی لەگەڵ بایرلیڤەرکوزن و بردنەوەی نازناوەکان، بەتایبەت بۆندێسلیگا، زیاتر ئەو بۆچوونەی دووپاتکردەوە کە دەرچووانی فەلسەفەکەی پێپ، دەتوانن پەرجوو بخولقێنن.
 
ئەلۆنسۆ یاریدەدەری پێپ نەبووە، بەڵام لەژێر سەرپەرشتی ئەودا مەشقی کردووە، کاتێک پێپ لە بایرن میونشن راهێنەر بوو.
 
مارێسکاش سەرنجڕاکێشە
 
نوێترین راهێنەری دەرکەوتوو لە فێرگەکەی پێپدا، ئینزۆ مارێسکای راهێنەری نوێی یانەی چێڵسیی ئینگلیزییە.
 
پێپ لە باسی ئەودا گوتوویەتی، ئەو کەسێکی باشە و راهێنەرێکی باشە، کەسە باشەکان شایستەی چارەنووسی باشن.
 
مارێسکا، وەرزی رابردوو یانەی لێستەر سیتی گەیاندەوە پرێمەرلیگ، ئەوە سەرنجی بەرپرسانی چێڵسییان راکێشا بۆئەوەی بیکەنە شوێنگرەوەی ماوریسیۆ پۆچەتینیۆ.
 
ئەرکی مارێسکا لە چێڵسی ئاسان نییە، یانەیەک کە بەدەست کەوتن و نووچدانی کارگێڕییەوە زۆر دەناڵێنێت و یانەیەکی زۆر ناسەقامگیرە، بەڵام مارێسکا ئومێدی زۆری لەسەر هەڵچنراوە بۆ باشترکردنی تیپەکە و یانەکەش.
 
پێپ، دڵنیایە لەوەی مارێسکا دەگاتە سەرکەوتن، زوو بێت یان درەنگ. بەڵام ئەو ئەرکێکی سەخت چاوەڕێیدەکات کە بەشێکی پەیوەندی بە ماوە نەدان بەڕاهێنەرانی یانەکەوە هەیە تاوەکو بەئارامی کارەکانیان بکەن، لەلایەن بەرپرسانی یانەی چێڵسییەوە.
 
کۆمپانی و پڕۆژەیەکی گەورە
 
کاتێک لەسەرەتاکانی هاوینی ئەمساڵدا، بایرن میونشن، بڕیاریدا ڤینسینت کۆمپانی بکاتە راهێنەری نوێی تیپەکە، بڕیارەکە وەکجۆرێک لە شۆک لە هەندێک ناوەنددا وەرگیرا، بەڵام دواتر دەرکەوت پێپ رۆڵی هەبووە لەوەدا کە بەرپرسانی بایرن، متمانە بە کۆمپانی بدەن.
 

 

 

 

کۆمپانیش وەک یاریدەدەر لەگەڵ پێپ نەبووە، بەڵام یەکێکبووە لەو یاریزانانەی ماوەی زۆر لەژێر دەستی ئەودا مەشقیانکردووە و بەوەش هەموو وردەکارییەکی لە قوتابخانەکەی ئەوەوە هێناوە.
 
بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی لەژێردەستی پێپدا پێگەیشتوون، ئاڵنگارییەکەی بەردەمی کۆمپانی، لە هەمووان گەورەتر و سەختترە.
 
ئەوەی کارەکەی بەرگریکەرەکەی پێشووی بەلجیکا زەحمەتتر دەکات، مێژووی گەورەی بایرن میونشن و سەرکەوتنەکانیەتی.
 
پێوەری سەرکەوتن لە بایرن لە چێڵسی، ئارسیناڵ و لیڤەرکوزن جیاوازە، چونکە ئەو سێ یانەیە بەدوای هەڵسانەوە و گەڕانەوەی رۆژانی سەروەریی خۆیاندا دەگەڕێن کە ساڵانێکە ونە، لە کاتێکدا بایرن ئەو زەبەلاحەی ئەوروپایە کە هەمیشە بەگەورەیی لە گۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە و لە رکابەرییکردن بەردەوامبووە.
 
بایرن، تەنیا وەرزێک لەمەوپێش پاڵەوانی بۆندێسلیگا بووە، هەموو شتێکی هەیە و ئاماژەی سەرکەوتن، دەرکەوتنە وەک رکابەر لەسەر سەرجەم ئاستەکان، نەک وەک ئارسیناڵ کە دەرکەوتن وەک رکابەر بۆی بەسە، یان چێڵسی کە ماوەیەکی کەم وەک گەورەیەک دەرکەوتووە یان لیڤەرکوزن کە هیچ گوشارێکی لەسەرنەبووە و بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی خۆیدا لەسەردەستی ئەلۆنسۆ بۆندێسلیگای بردووەتەوە.
 
کۆمپەنی گوشارێکی زۆر و سەرنجێکی زۆری لەسەر دەبێت، میدیاکان و هاندەرانی یانە باڤارییەکە چاوەڕێی گەیشتنەوە بەلووتکەی لێدەکەن و نەگەیشتنەوە بەلووتکە، بەهەموو شێوەیەک بە شکست بۆ کۆمپانی دادەنرێت.
 
بۆچی دەرچووەکانی ژێر دەستی پێپ؟

 

ئەمە پرسیارە گەورەکەیە، بۆچی هەمووان ئەو ویستەیان هەیە؟ لەوانەیە وەڵامەکە ئاسان بێت، چونکە هەمووان رێگەی سەرکەوتنیان دەوێت و پێپ لە هەمووان ئاسانتر رێگەی سەرکەوتنی دۆزیوەتەوە، دەکرێ هەموو دەرچووەکانی فەلسەفەکەی ئەو، هەمان ئاسانی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتندا بدۆزنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە