ئەو رووداوانەی یەکەمجارە لە ئۆڵیمپیاددا روودەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئۆڵیمپیادی 2024ـی پاریس، چەند رووداوێکی سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە دەبینێت، کە پێشتر هەرگیز لە مێژووی رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا روویاننەداوە.
 
یارییە جیاوازەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس بەردەوامن، تاوەکو ئەمڕۆ چەند رووداوێکی سەرنجڕاکێش روویانداوە، کە پێشتر نەبینراون.
 
*لە رکابەرییەکانی تۆپی پێی پیاواندا، تەنیا چوار هەڵبژاردە ماون، ئەوانیش فەرەنسا،مەغریب، میسر و ئیسپانیان، لە قۆناخی پێشکۆتاییدا میسر بەرامبەر فەرەنسا و مەغریبیش بەرامبەر ئیسپانیا یاری دەکات، بەمەش بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئۆڵیمپیاددا هەڵبژاردەیەکی عەرەبی یەکێک لە میدالیاکانی ئۆڵیمپیاد بەدەستدەهێنێت.

 
*کۆماری ئێرلەندا، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا لە یارییەکانی جیمناستیکدا میدالیای زێڕی بەدەستهێنا، کاتێک رایس مەک کلینهان، لەسەر ئاستی پیاوان توانیی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.

 
یاریزانە ئێرلەندییەکە پێشتر دووجار بووەتە پاڵەوانی جیهان و ئەمجارە لە ناریمان کوربانۆڤی کازاخستانیی بردەوە.
*هەر لە یارییەکانی جیمناستیکدا، کارلۆس یولۆی فیلیپینی یەکەم میدالیای زێڕی لە ئۆڵیمپیاددا بۆ وڵاتەکەی بردەوە.

 
*یەکێکی دیکە لە هەژەندەکانی ئۆڵیمپیاد، ئەدریان روانۆی خانمە یاریزانی گواتیمالا بوو، کاتێک توانیی لە رکابەرییەکانی نیشانەشکاندندا پلەی یەکەم بۆ وڵاتەکەی بباتەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی بەدەستهێنا.

 
* جولین ئەلفرێد، خانمە راکەری دوورگەی سان لوشیاو، لە رکابەرییەکانی راکردنی 100 مەتریدا توانیی پلەی یەکەم و میدالیای زێڕ بباتەوە و بووە یەکێکی دیکە لە رووداوە سەرنجڕاکێشەکانی ئۆڵیمپیاد.

 
* دوورگەی دۆمینیکان، هەژەندێکی دیکەی لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا پێشانی هەموو جیهاندا، کاتێک یەکەم میدالیای زێڕی لە مێژووی خۆیدا بردەوە و لافۆندی خانمە یاریزانی ئەو دوورگەیە پلەی یەکەمی لە رکابەرییەکانی بازدانی سێیدا بەدەستهێنا.

 



بردنەوەی میدالیای زێڕ لەلایەن دۆمینیکانەوە بۆ هەمووان جێگەی سەرنج بوو لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی تەنیا 70 هەزار کەسە.
 
یارییەکانی ئۆڵیمپیاد بەردەوامن و چاوەڕواندەکرێت تاوەکو کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی چەند میدالیایەکی دیکەی سەرنجڕاکێش ببینرێن.