چەند مەرجێکی سەیر لە میرانداوە بۆ ئێندریک

 
رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندی خۆشەویستی ئێندریک، یاریزانی لاوی بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید لەگەڵ گابریێلی میراندا کاردانەوەی گەورەی لێدەکەوێتەوە و راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش چەند مەرجێکی کچەکە بۆ ئێندریک ئاشکرا دەکات.
 
ئێندریک تەمەنی 17 ساڵە، پێشتر لە یانەی پالمێراسی بەرازیلی یاریی دەکرد، ئێستا یاریزانی ریال مەدریدە و سەرەڕای ئەوەی تەمەنی بچووکە، بەڵام ناوێکی دیارە لە جیهانی تۆپی پێدا و بەرازیلییەکان چاوەڕێی داهاتوویەکی گەشی لێدەکەن.
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی دەڵێت "پەیوەندیی خۆشەویستی نێوان ئێندریک و میراندا چەند مەرجێکی نامۆ و سەرنجڕاکێشی تێدایە."

 
لەسەرووی ئەو مەرجانەی لەنێوان هەردوولادا رێککەوتنی لەسەر کراوە، ئەوەیە کە یاریزانەکە دەبێت بەشێوەیەکی سنووردارکراو یارییە ئەلیکترۆنییەکان ئەنجامبدات، کە خۆی یەکێکە لەو یاریزانانەی زۆر یاریی (Grand Theft Auto V) دەکات کە ئێستا ئەو یارییە ناوبانگێکی زۆری لەسەر ئاستی جیهان هەیە و ژمارەیەکی زۆری یاریزان و کەسایەتییە دیارەکان ئەو یارییە دەکەن.

 
رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی ئەو خانمە بۆ ئێندریک ئەوەیە کە لەسەر ئینستاگرام نابێت کۆمێنت بۆ کچان بکات.
 
مانگی 12ـی ساڵی رابردوو بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی ئاشکرا پەیوەندیی خۆشەویستی ئێندریک و میراندا لەلایەن خانمەکەوە ئاشکراکرا، کاتێک وێنەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و لەسەر نووسی، هەنگاوی یەکەم بەیەکەوە، دوای ئەوەش ئێندریک لە وەڵامی پۆستەکەدا نووسی "من لە خۆشەویستیدام."


گابریێلی میراندا، تەمەنی 21 ساڵە و نمایشکاری جلوبەرگە، پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ تۆپی پێ هەیە و خۆشەویستی ئێندریک وایلێکردووە، ئەو یاریزانە بچێتە هەر کوێ ئەویش دەڕوات.
 
میراندا لە کاتی ناساندنی ئێندریک، وەکو یاریزانی یانەی ریال مەدرید ناوبانگێکی زۆر زیاتری پەیداکرد کاتێک لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوو و وێنەی یادگاریی لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییەکە گرت.