کۆنتی بەردەوامە لە پشتگوێخستنی ئۆسیمین

04-08-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ناپۆلی ڤیکتۆر ئۆسیمین ئانتۆنیۆ کۆنتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە پێویستی بەتواناکانی ڤیکتۆر ئۆسیمینی هێرشبەری یانەکەی نییە.
 
ئۆسیمین لە دانوستاندندایە بۆ پەیوەندیکردن بەیانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە، لە کاتێکدا ئەو یانەیە بەشوێن جێگرەوەی کیلیان ئێمباپێی، هێرشبەری پێشووی یانەکەیدا دەگەڕێت کە چووەتە ریال مەدرید.
 
سانجێرمان و ناپۆلی لەسەر وردەکاریی گواستنەوەی یاریزانەکە رێکنەکەوتوون، لە کاتێکدا ئۆسیمین دەیەوێت لە ناپۆلی بڕوات و ببێتە یاریزانی سانجێرمان.
 
یانەی ناپۆلی لە دوایین یاریی دۆستانەی ئامادەسازییدا، بەرامبەر جیرۆنا یارییکرد، بڕیاربوو ئۆسیمین لەسەر کورسیی یەدەگ بێت لە یارییەکەدا، بەڵام بەبڕیاری کۆنتی ئەو یاریزانە بەیەکجاری لە پێکهاتەی تیپەکە دوورخرایەوە.
 
میدیای ئیتاڵیا گوتوویانە پێشبینیدەکرا ئۆسیمین بۆ یەکەمجار لە هاوینی ئەمساڵدا لەگەڵ تیپەکە دەربکەوێت، بەڵام کۆنتی ئەوی لە لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکان دوورخستووەتەوە، بەوەش بۆ چوارەم یاریی لەسەریەک، ئەو یاریزانە بەشداریی لە هیچ یارییەکی تیپەکەدا نەکرد.
 
ئانتۆنیۆ کۆنتی، کە ئۆسیمینی لە پلانەکانی خۆی دوورخستووەتەوە،دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ رۆمیلۆ لوکاکۆی هێرشبەری چێڵسی بکات کە وەرزی رابردوو بەخواستن یاریی بۆ یانەی رۆمای ئیتاڵی کرد.
 
کۆنتی و لوکاکۆ بەرلەچەند ساڵێک پێکەوە لە ئینتەرمیلان بوون و نازناوی خولی ئیتاڵیایان بەدەستهێنا. شرۆڤەکاران دەڵێن باشین ئاستی لوکاکۆ ئەوکاتەبوو کە لەژێر دەستی کۆنتیدا یارییدەکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە