رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەبارەی دۆڕانەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا، لە کلاسیکۆی ئامادەکاریدا قسەدەکات و دەڵێت "لەسەر پلانەکەمان بۆ خۆ ئامادەکردن بەردەوامدەبین و خولەکی پێویست دەدەینە هەمووان."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەمریکا، لە یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاریدا بۆ وەرزی نوێ، هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا رووبەڕووی یەکبوونەوە، بارسا یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
دوای یارییەکە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید گوتی "نابێت ئەم دۆڕانە وامانلێبکات مێشکمان لەدەستبدەین، 8 یاریزانمان لەگەڵ نییە، ئەنجام و تەکتیک گرنگ نییە، بەڵکو دەمانەوێت خولەکی پێویست بدەینە هەمووان بۆ ئەوەی لە رووی توانای جەستەیی و ریتمەوە ئامادەبین."
کارلۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئێمە ئێستا بیر لە تەکتیک ناکەینەوە، دەمانەوێت ئەوانەی گەڕاونەتەوە لە دۆخێکی باشدابن، لەرووی تەکتیکییەوە لە رۆژی 7ـی مانگەوە کارکردنەکەمان دەستپێدەکات." وەکو ئاماژەیەک بۆ وادەی گەڕانەوەی هەموو یاریزانەکانی پێکهاتەی ریال مەدرید.
راهێنەری ریال مەدرید باسی ڤینیسیۆس جونیۆر دەکات و دەڵێت "ڤینیسیۆس گەیشتووەتە دۆخێکی زۆرباش، دیارە کە لە کاتی پشوودا کاردەکات، کۆرتوا و میلیتاو لە دۆخێکی زۆرباشدان، رۆدریگۆ زۆر یاریی نەکردووە، هیوادارم بەرامبەر چێڵسی 45 خولەک یاری بکات."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە کیلیان ئێمباپێ لە یاریی جامی سوپەردا یاری دەکات، گوتی "دەکرێت ئێمباپێ بەرامبەر ئاتالانتا لە جامی سوپەری ئەوروپادا بەشێوەی سەرەکی یاری بکات، جود بێلینگهامیش بەهەمان شێوە ئامادەدەبن."
کارلۆ ئەنچێلۆتی دەڵێت "یاریزانە لاوەکان چێژ دەبینن، ئەمە هاوکارییان دەکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زۆرباش فێرببن، ئاسان نییە بۆ تیپی یەکەم یاری بکەیت و بەم کەسایەتی و توانایەوە دەربکەویت."
راهێنەرە ئیتاڵییەکە لەبارەی ماریۆ مارتنەوە گوتی "دەتوانێت بۆ تیپی یەکەم یاری بکات، بابزانین مێرکاتۆ چۆن تەواو دەبێت، بەڵام پشتی پێدەبەستین."
یانەی ریال مەدرید بەرەبەیانی رۆژی 7ـی ئەم مانگە دوایین یاریی دۆستانەی لە ئەمریکا بەرامبەر یانەی چێڵسی ئەنجامدەدات، دوای ئەوە بۆ یاریی جامی سوپەری ئەوروپا بەرامبەر یانەی ئاتالانتا دەچێتە وارشۆی پۆڵەندا، کە رۆژی 14ـی ئەم مانگە یارییەکە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ