"بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی 2030 هەڵبژاردەی عێراق دەبێتە بارسێلۆنا"

رووداو دیجیتاڵ

میدیای عێراق، باس لەوە دەکات کە وەزارەتی لاوان و وەرزشیی عێراق و دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق پلانێکیان داناوە، بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی 2030 هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق وەک بارسێلۆنای لێبکەن.

عەدنان درجالی وەزیری لاوان و وەرزشی عێراق و ئەیاد بنەیانی سەرۆکی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە گەشتێکدا سەردانی یانەی بارسێلۆنایان کرد و لەگەڵ کارگێڕیی ئەو یانەیە کۆبوونەوە.

بەگویڕەی میدیا عێراقی، درجال و بنەیان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی بارسێلۆنا کۆبوونەتەوە و دەیانەوێت ئەو یانە ئیسپانییە یارمەتی عێراق بدات بۆ ئامادەکردنی هەڵبژاردەیەکی بەهێز بۆ مۆندیالی 2030.

پڕۆژەکە بریتییە لەوەی راهێنەر و پسپۆرانی بارسێلۆنا سەرپەرشتی ئەکادیمیا تەمەنییەکانی تۆپی پێی عێراق بکەن، بۆ ئەوەی یارمەتی منداڵە بەهرەمەندەکانی عێراق بدەن و یاریزانی بەتوانا بۆ تیپ و یانەکانی عێراق پێبگەینن.

دکتۆر ئەحمەد کۆچەر، ئەندامی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لەو بارەیەوە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و گوتی "درجال و بنەیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بیرۆکەیە چوونەتە بارسێلۆنا و لەگەڵ کارگێڕی بارسادا گفتوگۆیان کردووە، جارێکی دیکە تاوتوێی دەکەنەوە ئینجا هەنگاو دەنێن بۆ جێبەجێکردنی".

وەک کۆچەر بۆ رووداو روونیکردەوە "بیرۆکەکە بریتییە لەوەی یانەی بارسێلۆنا لە رێگەی ناردنی راهێنەر و پسپۆرانییەوە یارمەتی عێراق بدات بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی بەتوانای تۆپی پێ، ئەویش لە رێگەی سەرپەرشتیکردنی چەند ئەکادیمیایەکی تۆپی پێی منداڵانەوە، بۆ ئەوەی عێراق بە هەڵبژاردەیەکی بەهێزەوە بەشداری لە مۆندیالی 2030ـدا بکات".

عەدنان درجال و ئەیاد بنەیان، لە کاتی سەردانی یانەی بارسێلۆنا، دامەزراوەکانی یانەکەیان بەسەرکردەوە و لەبارەی هەندێک پرسی هونەری تایبەت بە تۆپی پێی عێراق گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی یانەی کەتەلۆنی کرد.

هەڵبژاردەی عێراق، تاوەکو ئێستا لە مێژووی خۆیدا تەنیا جارێک بەشداری لە مۆندیالدا کردووە، ئەویش لە جامی جیهانی 1986 بوو لە مەکسیک، بەڵام لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دەرکرا، دوای ئەوەی هەرسێ یارییەکەی بەرامبەر هەرسێ هەڵبژاردەی، بەلجیکا، پاراگوای و مەکسیک دۆڕاند.

ئەمساڵیش هەڵبژاردەی عێراق گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنی گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، کە یارییەکانی لە کۆمەڵەی یەکەمی کیشوەری ئاسیا دەکات، لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ئێران، ئیمارات، لوبنان، سوریا و کۆریای باشوور.

عێراقییەکان زۆر بەپەرۆشن بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، بۆیە دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە هاوکاری عەدنان درجال وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی لەگەڵ راهێنەری هۆڵەندی دیک ئەدڤۆکات واژۆکرد، بۆ سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەی عێراق لە دواقۆناخی پاڵاوتنەکانی مۆندیال.