ریال مەدرید ئیسکۆ دەدات بە ئەیسی میلان

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیتاڵی ئاشکرایکرد، یانەی ئەیسی میلان سەرکەوتوو بوو لە رازیکردنی ئیسکۆی یاریزانی یانەی ریال مەدرید بەمەبەستی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە.

ئیسکۆی تەمەن 29 ساڵ یەکێکە لەو یاریزانانەی کە میلان دەیەوێت بۆ ریزەکانی بیگوازێتەوە، وەکو شوێنگرەوەیەک بۆ جێگەی هاکان چالان ئۆغلۆ کە لە مێرکاتۆی هاوینە پەیوەندی بە یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵییەوە کرد.

رۆژنامەی کۆرێرێ دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشکرایکرد: "یانەی ریال مەدرید رێگە بە رۆیشتنی ئیسکۆ دەدات، لە بەرامبەر بەدەستهێنانی 15 ملیۆن یۆرۆ، چونکە ریال مەدرید دەیەوێت لەم هاوینەدا دەستبەرداری ئیسکۆ ببێت".

رۆژنامە ئیتاڵییەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "پێشتر مەرجی ریال مەدرید لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی ئیسکۆ داواکردنی 20 ملیۆن یۆرۆ بووە، بەڵام لە دوایین پێشهاتدا یانە ئیسپانییەکە سازشی کردووە و ئامادەیە لە بەرامبەر 15 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئیسکۆ ببێت".

هەروەها رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە: "کێشەی بەردەم گواستنەوەی ئیسکۆ بۆ ئەیسی میلان بەرزی مووچەکەیەتی کە دەبێت رۆسۆنێری ساڵانە 6 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچەی ساڵانە بە ئیسکۆ بدات".

ئەستێرەکە ئیسپانییەکە لە هاوینی 2013، لە یانەی مالاگاوە بە مووچەی ساڵانەی 6 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد، بەڵام لە دوو وەرزی رابردوودا وەکو یاریزانی یەدەگ مامەڵەی لەگەڵ کرا، ئەمەش هانی ئیسکۆ و ریال مەدرید دەدات بە ئاراستەی رۆیشتن لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

ئیسکۆ 336 یاری فەرمی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامداوە، بەشداربووە لە بەدەستهێنانی 4 چامپیۆنزلیگ، 4 جامی جیهانی و دوو لالیگا و یەک نازناوی جامی شا.