سۆن لە هەڵوێستی هاری کەین نیگەرانە

04-08-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

سۆن هیۆنگ مینی ئەستێرەی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور زۆر نیگەرانە لە هاری کەین سەبارەت بەوەی کاپتنەکەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەیەوێت تۆتێنهام بەجێبهێڵێت.

هاری کەین لە چەند رۆژی رابردوو بەشداری راهێنانەکانی یانەکەی نەکرد، دەیەوێت بەم هەنگاوەی  گوشار بخاتە سەر یانەکەی بۆ ئەوەی ئیدارەی تۆتێنهام ناچار بکات بە داواکارییەکەی رازیبن و دانوستاندن لەگەڵ مانچێستەر سیتی بکەن.

ئامادەنەبوونی هاری کەین لە راهێنانەکانی یانەی تۆتێنهام، ناڕەزایەتی و توڕەیی هاندەرانی ئەو یانە لەندەنییەی لێکەوتەوە، کە لە سۆشیال میدیا هەڵمەتێکیان لەدژی ئەستێرە تەمەن 28 ساڵییەکەی سپێرز دەستپێکردووە و هەندێک لە هاندەران بەوە تۆمەتباری دەکەن کە هیچی بۆ یانەکەیان نەکردووە و هیچ نازناوێکی گرنگی بۆ بەدەستنەهێناون.

یەکێک لە هاندەرە سەرسەختەکانی تۆتێنهام لە ئینستاگرام بۆ هاری کەینی نووسیبوو: "هاری کەین لە تۆتێنهام گەورەتر نییە". لە بەرامبەردا سۆن هیۆنگ مین سەرسامی خۆی بۆ ئەو کۆمێنتە نیشاندابوو، وەکو جۆرێک لە کاردانەوە بەرامبەر هەڵوێستوەرگرتنی هێرشبەرەکەی تۆتێنهام بەرامبەر یانەکەی.

ماوەی سێ رۆژە هاری کەین بایکۆتی راهێنانەکانی یانەکەی کردووە، لە لایەکی دیکەوە یانەی مانچێستەر دەیەوێت بۆ جاری دووەم دەستەوارەیەک پێشکێشی یانەی تۆتێنهام بکات، بەرزتربێت لە بۆندی پێشوو کە سیتی لە هەنگاوی یەکەمدا بڕی 100 ملیۆن پاوەنی پێشکێشی تۆتێنهام کردبوو، بەڵام یانە لەندەنییەکە هەر زوو ئەو دەستەوارەی رەتکردەوە و گوتیان هاری بۆ فرۆشتن نییە.

مووچەی ساڵانەی هاری کەین لەگەڵ تۆتێنهام £10,400,000 پاوەنە، کەین ماوەی 11 ساڵە بۆ یانەی تۆتێنهام یاریی دەکات، بەڵام دەیەوێت ئەم هاوینە کۆتایی بهێنێت بە وێستگەی دوورودرێژ و بێبەرهەمی لەگەڵ تۆتێنهام و پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر سیتییەوە بکات. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە