مێسی بە چەند وێنەیەک هاندەرانی بارسێلۆنا دەترسێنێت

04-08-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا چاوەڕێی راگەیاندنی، نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەکەن، بەڵام مێسی جارێکی دیکە بە چەند وێنەیەک ترس دەخاتەوە دڵی ئەوان.

مێسی بۆ بەڕێکردنی پشووەکەی لە دوورگەی ئیبیزای ئیسپانیایە، لەوێ چاوی بە چەند ئەستێرەیەکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەکەوێت و وێنەیان لەگەڵ دەگرێت، ئەوانیش نەیمار داسیلڤای هاوڕێی پێشووی لە یانەی بارسێلۆنا، مارکۆ ڤیراتی، ئانخێل دیماریا و لیۆناردۆ پاریدێسن.

مێسی جگە لەم وێنەیە چەند وێنەیەکی دیکەشی بڵاوبووەتەوە، کە لە یەکێک لە وێنەکاندا کەسێک بەناوی کریستیان گیدێش، کە بەڕێوەبەری کارە و هاوڕێیەکی نزیکی نەیمارە لەگەڵ مێسی، دیماریا و پارێدێس دەردەکەوێت.

بەم وێنانە جارێکی دیکە مێسی ترس دەخاتەوە دڵی هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە کۆتاییهاتووە و تاوەکو ئێستا نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رانەگەیێندراوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم وێنانەی لیۆ لەکاتێکدا، میدیای ئیسپانیا دەڵێت " بارسێلۆنا کاردەکات بۆ ئەوەی ئەمڕۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی کاپتنەکەی رابگەیێنێت ".

Image

نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی چەند هەنگاوێکی پێویستە، ئەوانیش کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانەکە بە رێژەی 50٪، کەمکردنەوەی مووچەی چوار کاپتنی یانەکە، کە تاوەکو ئێستا تەنیا پیکێ رەزامەندیی لەسەر ئەوە نیشانداوە، بۆیەش تاوەکو ئێستا گرێبەستی مێسی نوێنەکراوەتەوە.

گرێبەستی لیۆنێل مێسی لە 30ـی حوزەیرانی رابردووە لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا کۆتاییهاتووە، میدیاکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە رێککەوتن لەنێوان یاریزانەکە و یانەکەی کراوە بۆ ئەوەی تاوەکو 2026 گرێبەستەکەیان نوێبکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمانە هەمووی تەنیا دەنگۆن و هیچ شتێکی فەرمی نییە.

ماوەیەکی زۆرە ناوی لیۆ بە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بەستراوەتەوە، بەتایبەت کە ئەگەری هەیە کیلیان ئێمباپێ پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات، بۆیە هەموو ئەگەرەکان لەبەردەم ئەستێرە ئەرجەنتینییەکەدا کراوەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە