دوو یاریزانەکەی هەڵبژاردەی رووسیا رزگاریان نەبوو

04-08-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەلیکساندەر کۆکۆرین پاڤێل ماماییڤ
A+ A-

رووداو دیجیتال 

دادگای مۆسکۆی پایتەختی رووسیا پێداچوونەوەیەکی بە سزای زیندانیکردنی هەردوو یاریزانی هەڵبژاردەی رووسیا، ئەلیکساندەر کۆکۆرین و پاڤێل ماماییڤدا کردەوە، کە هەردووکیان تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە کاری تووند و تیژی، کە لە تشرینی یەکەمی 2018 روویاندا.

دادگاکە مامییڤی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی لە تۆمەتی نانەوی ئاژاوەگێڕی بێبەری کرد، بەڵام هەندێک تاوانی دیکەی خستەپاڵ و سزاکەی لە مانەوە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە گرتووخانە گۆڕی بۆ ئەنجامدانی ئەرکی چاکسازی و کاری کۆمەڵایەتی، بەڵام تانەلێدانەکەی کۆکۆرینی رەتکردەوە.

پارێزەری هەردوو یاریزانە تۆمەتبارەکە دووپاتیکردەوە کە جارێکی دیکە تانە لەو بڕیارە نوێیە دادگاش دەدەنەوە.

ئەو دوو یاریزانە ماوەی ساڵێکیان لە زینداندا بەسەربرد، دوای ئەوەی لە نێو کافێیەکدا لە ناوەڕاستی شاری مۆسکۆ دەستدرێژییان کردە سەر شۆفێرێک و کرێکارێکی وەزارەتی بازرگانی رووسیا و بە خراپی لەو دوو کەسەیان دا و ئەوکات تۆمەتی نانەوەی ئاژاوەگێڕی و بەئەنقەست ئازاردانی خەڵکییان درایە پاڵ.

لە مانگی ئایاری 2019 بڕیای زیندانیکردنی کۆکۆرین و ماماییڤ درا، بەڵام دواتر بەشێوەیەکی کاتی ئازادکران دوای ئەوەی تانەیان لە بڕیارەکە دا.

ئەلیکساندەر کۆکۆرین لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە یانەی زینیتەوە چووە ریزەکانی یانەی سپارتاک مۆسکۆ، بەپێی گرێبەستێک کە تەنیا 3 مانگ یاری بۆ یانەکەی پایتەخت دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە