رۆناڵدینیۆ و مێسی دەبنە دراوسێ

رووداو دیجیتال

رۆناڵدینیۆی ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دەیەوێت بەیەکجاری لە بارسێلۆنا بژیت.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئیسپانیا ئاشکرایانکرد، رۆناڵدینیۆ دەیەوێت لە گەڕەکی كاستيلديفيلس لە بارسا بژیت و بەیەکجاری لەوێ نیشتەجێ بێت و ماڵێک لە نزیک ماڵی لیۆنێل مێسی ئەستێرە و کاپتنی یانەی بارسێلۆنا دابنێت.

ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە رۆناڵدینیۆ لەم رۆژانەدا لە پاراگوای بە تەواوی ئازاد دەبێت و نیشتەجێی زۆرەملێی لەسەر هەڵدەگیرێت، بۆیە پلانی بۆ ئەوە داناوە کە ماڵی خۆی بگوازێتەوە بۆ كاستيلديفيلس و وەک دراوسێی مێسی لەوێ نیشتەجێ ببێت.

رۆناڵدینیۆی ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێی به‌رازیل، له‌گه‌ڵ برا و به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی له‌ پاراگوای ده‌ستگیركران به‌تۆمه‌تی به‌كارهێنانی پاسپۆرتی ساخته‌ و دواتر به‌ 6 مانگ زیندانی كران. دواتریش لە یەکێک لە هوتێلەکانی پاراگوای نیشتەجێی زۆرەملێی بەسەردا سەپێنرا. 

دوای ئەوەی ئازاد دەکرێت، رۆناڵدینیۆ بڕیاری داوە چەند رۆژێک بگەڕێتەوە بەرازیل بۆ سەردانیکردنی خزم و هاوڕێیانی، ئینجا دەچێتە بارسێلۆنا و بەیەکجاری لەوێ نیشتەجێ دەبێت.

رۆناڵدینیۆ دەبێتە دراوسێی هەریەک لە لیۆنێل مێسی و لویس سوارێز، ئەو دەیەوێت ئیدی لە کەشێکی ئارامدا ژیانێکی ئارام و دوور لە کێشە و گرفت بباتەسەر.