پەیامی ماڵئاوایی ریال مەدرید بۆ کاسیاس

04-08-2020
ئیحسان تاهیر
A+ A-

رووداو دیجیتال 

دوای ئەوەی ئیکێر کاسیاسی گۆڵپارێزی ئەفسانەیی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید، بەفەرمی وازهێنانی خۆی لە یاریکردن راگەیاند، یانەی ریال مەدرید بەو بۆنەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە رێز و خۆشەویستی و پشتیوانیی خۆی بۆ کاسیاس نیشاندا و وەک یەکێک لە گەورەترین ئەفسانەکانی یانەی شاهانە وەسفی کرد.

لە بەیاننامەکەی ریال مەدریددا هاتووە "باشترین گۆڵپارێزی مێژووی ریال مەدرید و تۆپی پێی ئیسپانیا لە تەمەنی 9 ساڵیدا پەیوەندی بە یانەکەمانەوە کرد و ماوەی 25 ساڵ بەگری لە درێسەکەمان کرد و بۆ هەتاهاتایە بووە یەکێک لە باشترین و بەناوبانگترین کاپتنەکانی یانەکەمان".

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەمڕۆ کاسیاس وەک یاریزانێکی پیشەگەر و یەکێک لە گرنگترین یاریزانانی مێژووی یانەکەمان، کە 118 ساڵە دامەزراوە، ماڵئاوایی لە تۆپی پێ دەکات، ئەو یاریزانێک بوو خۆشمانویست بەهۆی کار و کۆشش و رەوشتە جوانەکەی لەنێو یاریگە و لە دەرەوەشدا".
 
هەروەها ریال مەدرید لەبارەی کاسیاسەوە، نووسیویەتی "ئیکێر کاسیاس لە دڵی ریال مەدریددایە و بۆ هەتا هاتایەش لەو دڵەدا دەمێنێتەوە، رێز و خۆشەویستی خۆمان دەگەینینە خۆی و خانەوادەکەی".

ریال مەدرید لە بەیاننامەکەیدا باسی مێژووی کاسیاسی کردووە و نووسیویەتی "کاسیاس لەگەڵ تیپی یەکەمی ریال مەدرید 725 یاری کردووە، 16 ساڵ بەرگری لە تۆڕی گۆڵەکەی کردووە، 19 نازناوی بردووەتەوە. هەروەها 167 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا کردووە و لەگەڵیدا نازناوێکی مۆندیال و دوو نازناوی یۆرۆ و دوو نازناوی مۆندیالی لاوانی بەدەستهێناوە".

هەروەها نووسراوە "کاسیاس 5 جار لە پێکهاتەی فیفادا بووە و 5 جاریش لە لایەن یەکێتیی نێودەوڵەتی مێژوو و ئامارەکانی تۆپی پێ بە باشترین گۆڵپارێزی جیهان دەستنیشانکراوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە