رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو رۆژ، هێشتا بابەتی مەریح دەمیراڵی یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا، کاردانەوەی سیاسی بەدوایدا دێت و خەریکە دەبێتە قەیرانێکی سیاسی - دیپلۆماسی لە نێوان تورکیا و ئەڵمانیا.
دەمیراڵ، یاریزانی پێشووی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی و ئێستای ئەهلی سعودی، دوو گۆڵی لە یارییەکەی تورکیا بەرامبەر نەمسا لە قۆناخی 16ـی یۆرۆدا تۆمارکرد، هەروەها بە ئاماژەیەک کە بە "سڵاوی گورگ" ناسراوە، ئاهەنگی گێڕا، کە پەیوەستە بە گرووپی "گورگە بۆرەکان" کە گرووپێکی راستڕەوی توندڕوی تورکیان.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، سەرکۆنەی ئاهەنگەکەی مەریح دەمیراڵی بەرگریکاری تورکیای کرد، دوای سەرکەوتنی تورکیا بەسەر نەمسا لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا.
نانسی فایزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X رایگەیاند، "هێمای راستڕەوی توندڕەوی تورکیا لە یاریگاکانماندا جێگەی نابێتەوە"، گوتیشی "ئەو گرووپە لە ئەڵمانیا لەژێر چاودێری بەردەوامدایە".
ڤایزەر زیاتر نووسیویەتی "بەکارهێنانی پاڵەوانێتی جامی ئەوروپا وەک سەکۆیەک بۆ رەگەزپەرستی بەتەواوی قبوڵکراو نییە، پێشبینی دەکەین یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا بەدواداچوون بۆ دۆسییەکە بکات و سزاکان لەبەرچاو بگرێت".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بانگهێشتی باڵیۆزی ئەڵمانیای کرد لە ئەنقەرە و داوای روونکردنەوەی لێکرد، سەبارەت بە کێشەی مەریح دیمیراڵی یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا، و نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنەکانی ئەو پرسە پێیڕاگەیاند.
دوای بردنەوەکە، دەمیرال وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە کە هەمان جوڵە دەکات و کۆمێنتێکی لەسەر ئەو پۆستە کردووە و دەڵێت "دڵخۆش و ئاسوودە ئەو کەسەیە کە خۆی بە تورک نێودەبات".
دەمیرال دوای یارییەکە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "ئاهەنگێکی دیاریکراوم لە مێشکدا هەبوو، ئەوەبوو کە کردوومە، چونکە زۆر شانازی دەکەم کە تورکم، دوای گۆڵی دووەم بە تەواوی هەستم پێکرد، بۆیە لە کۆتاییدا ئەنجامم دا، زۆر دڵخۆشم کە ئەو کارەم کردووە".
یوفا بڕیاریداوە لێکۆلینەوە لەو جوڵەیەی مەریح بکات و بەئەگەری زۆرەوە سزا دەدرێت، کە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە "هەڵسوکەوتی نەشیاوی" دەمیراڵ دەکات.
لە راگەیێندراوەکەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپادا هاتووە "سەبارەت بە یاریی قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2024ـی لەنێوان نەمسا و تورکیا، کە لە 2ـی تەممووزی 2024 لە شاری لایپزیگی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، بڕیارماندا بەپێی مادەی 31 (4)ـی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا پەیوەست بە رێسای تەمبێکردن لێکۆلینەوە لەو تۆمەتانە بکرێت کە دراونەتە پاڵ مەریح دەمیراڵی یاریزانی تورکیا".
یوفا لە راگەیێنراوەکەیدا رایگەیاندووە "هەڵسوکەوتێکی نەشیاو لەلایەن مەریح دەمیراڵی یاریزانی تورکیاوە ئەنجام دراوە".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە راگەیێنراوێکدا، دەڵێت "قبوڵ ناکرێت" کە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لێکۆڵینەوە لە دژی دەمیراڵ بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە هێمای 'گورگە بۆرەکان' لە ئەڵمانیا هێمایەکی قەدەخەکراو نییە، بەڵام ئەو کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا بەرامبەر بە دەمیراڵ نیشانیدەدەن، خۆی لە خۆیدا رەگەزپەرستییە.
لە درێژەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە "ئێمە سەرکۆنەی کاردانەوە سیاسییەکان دەکەین بەرامبەر بە بەکارهێنانی هێمایەکی مێژوویی و کولتووری، لەکاتێکدا یاریزانەکە کەس ناکاتە ئامانج و تەنیا ئاهەنگگێڕانێکە بۆ دەربڕینی خۆشی لە بۆنەیەکی وەرزشیدا".
تورکیا یاریی داهاتووی بەرامبەر هۆڵەندا دەبێت، لە قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتی ئەوروپای 2024 کە رۆژی شەممە لە بەرلین ئەنجام دەدرێت.
"گورگە بۆرەکان" چییە؟
بزووتنەوەی "گورگە بۆرەکان" گرووپێکی ناسیۆنالیستی تورکی راستڕەوە، کە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا لەلایەن ئەفسەری پێشووی سوپای تورکیا، ئاڵپ ئەرسلان تورکشەوە دامەزراوە، کە پارتی "بزووتنەوەی نەتەوەپەرست"ی دامەزراند و ئەو گەنجانەی کۆکردەوە کە بڕوایان بە تیۆری "باڵادەستی رەگەزی تورک" هەیە و ئاواتەخوازن هەموو ئەوانەی سەر بە نەتەوەی تورکن لە سەرانسەری جیهاندا لە یەک وڵاتدا کۆبکرێنەوە.
ناوی "گورگە بۆرەکان" دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەیەکی کۆن، کە باس لە چیرۆکی شەڕێکی قڕکردن دەکات، کە تورکەکان تووشی بوونە، و تەنیا یەک منداڵیان رزگاری بووە و ئەو ناچاربووە شوو بە گورگێکی مێینە بکات و 12 کەسی لێ لەدایکبووە و ئەوان سەر لە نوێ هۆزە تورکەکانیان دروستکردووەتەوە.
ئەندامانی بزووتنەوەکە بە بەرزکردنەوەی ئاماژەیەکی دەستی جیاواز جیا دەکرێنەوە، کە لەم ماوەیەدا پەنجەی ئاماژە و پەنجەی بچووکی دەستیان بەرز دەکەنەوە، لە کاتێکدا پەنجەکانی دیکە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە و شتێک پێکدەهێنن کە لە "سەری گورگ" دەچێت.
ئەو بزووتنەوەیە، کە نزیکە لە پارتی ناسیۆنالیستی تورکیا MHP، کە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانە لە حکومەتی ئێستای تورکیادا، لە نێوان ساڵانی 1974 بۆ 1980 زیاتر لە 694 هێرشی ئەنجامداوە و هەزاران کەسی کوشتووە، هەروەها پێدەچێت ئەو بزووتنەوەیە لە ئازەربایجان دژی ئەرمینیا شەڕی کردبێت، پێش ئەوەی بەشداری لە هەوڵی کودەتایەکدا بکات کە بە قەدەخەکردنی لەوێ کۆتاییهاتووە، هەروەک چۆن لە کازاخستان لە ساڵی 2005 قەدەخەکرا.
ئەم بزووتنەوەیە کە لەلایەن زۆر لە وڵاتانی ئەوروپاوە قەدەخە کراوە، بەشداریی لە ململانێی قوبرسەکانی تورک و یۆنانی لە قوبرس کرد. لە ناوچەی شینجیانگی چین پاڵپشتی ئویگورەکانی کرد و لە شەڕی یەکەم و دووەمی چیچان دژی رووسەکان شەڕی کردووە. هەندێک سەرچاوە باس لە هەماهەنگییان لەگەڵ تاتارەکانی نیمچە دوورگەی قرم و تورکمانەکانی سوریا دەکەن.
گورگە بۆرەکان، لە سەرانسەری ئەوروپادا بڵاوبوونەتەوە و راپۆرتە رۆژنامەڤانییە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی ئەندامەکانیان لە ئەڵمانیا بە 18 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.
ئەردۆغان دەچێتە ئەڵمانیا
بەپێی ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی ئەڵمانیا دەکات بۆ ئەوەی ئامادەی یاریی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر هۆڵەندا لە قۆناخی چارەکی کۆتایی یۆرۆدا ببێت، کە رۆژی شەممە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
میدیای تورکیا ئاشکرایکردووە، کە ئەردۆغان خشتەی کارەکانی گۆڕیوە لەپێناو ئامادەبوون لە یاریی نێوان تورکیا و هۆڵەندا، لە کاتێکدا بڕیاربوو سەرۆککۆماری تورکیا شەممە ئامادەی لووتکەی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک 'گەلانی تورک زمان' لە ئازەربایجان ببێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ