لیڤەرپوول دەچێتە خولی سعودی؟

04-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی سعودی گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئەهلی سعودی هەنگاوەکانی بۆ ئەنجامدانی چەند گرێبەستێکی گەورە دەستپێکردووە و دوای گواستنەوەی ئێدوارد مێندی، دەیەوێت چەند یاریزانێکی دیکە لە خولەکانی ئەوروپاوە بباتە ریزەکانی.
 
یانەی ئەهلی دوای ئەوەی گەڕایەوە بۆ نێو رکابەرییەکانی خولی رۆشنی سعودی، لەلایەن سندووقی وەبەرهێنانی وڵاتەکەوە هاوشێوەی هیلال، نەسڕ و ئیتیحاد پاڵپشتییەکی دارایی بەهێزی دەکرێت و 75٪ـی پشکەکانی یانەکەی کڕیووەتەوە.
 
هەفتەی رابردوو یانەکە گواستنەوەی ئێدوارد مێندی، گۆڵپارێزی یانەی چێڵسیی بۆ ریزەکانی راگەیاندووە، ماوەیەکی زۆرە یانەکە کار بۆ گواستنەوەی رۆبێرتۆ فیرمینۆ دەکات و رۆژی دووشەممە یاریزانەکە قۆناخی یەکەمی پشکنینە پزیشکییەکانی یانەکەی تێپەڕاندووە و چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ تاوەکو چەند رۆژێکی دیکە گرێبەستەکەی بەتەواوی یەکلاببێتەوە و ئەو یاریزانەش پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات.
 
جگە لە فیرمینیۆ، ئەهلی چەند هەفتەیەکە لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی و ریاز مەحرز لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی یاریزانە جەزائیرییەکە پەیوەندی بە یانە سعودییەکەوە بکات، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش، یاریزانەکە پێشوازی لە دەستەوارەی یانەکە دەکات و ئەگەری هەیە رازی ببێت بچیتە خولی سعودی.
 
هەر ئەمڕۆ راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "دوای یەکلاکردنەوەی گرێبەستی فیرمینۆ، یانەی ئەهلی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی دوو یاریزانی دیکە دەستپێدەکات، یەکێکیان سادیۆ مانێ، ئەستێرەی سەنیگالی و یانەی بایرن میونشنە و ئەوەی دیکەشیان، تیاگۆ ئەلکانتارا، ئەستێرەی ئیسپانی و یانەی لیڤەرپوولە، کە ئەم دووانە لەگەڵ فیرمینۆ بەیەکەوە یارییانکردووە و ئەهلی دەیەوێت جارێکی دیکە ئەو سێ یاریزانە بەیەکەوە کۆبکاتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە