ماوریسیۆ پۆچێتینۆ: وا لە یاریزانانی چێڵسی دەکەم هەموو رۆژێک رکابەری بکەن

04-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ماوریسیۆ پۆچێتینۆ چێڵسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری ئەرجەنتینیی نوێی یانەی چێڵسیی ئینگلیزی، باسی بەڵێنەکەی بە هاندەرانی یانەکەی و چاوەڕوانییەکانی بۆ وەرزی داهاتوو کرد. گوتیشی "هەوڵدەدەم یاریزانانی چێڵسی والێبکەم بتوانن هەموو هەفتەیەک و هەموو رۆژێک رکابەری بکەن".
 
پۆچێتینۆ سەبارەت بە هەستەکانی سەبارەت بە دانیشتن لەسەر کورسی یەدەگی ستامفۆرد بریدج، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی یانەکەی، گوتی "ئەوە شتێکی زۆر خۆش و چێژبەخش دەبێت".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "سەرەتا پێویستە یاریزانەکان ببینین و دەست بە کارکردن بکەین، دواتر دەچینە ئەمریکا، ئەمەش شتێکی نایاب دەبێت بۆ ناسینی هەموو هاندەران".
 
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "ئێمە ئامادە دەبین بۆ یەکەم یاری بەرامبەر لیڤەرپوول، جێگەی سەرنج دەبێت یەکەم یاریی پرێمەرلیگ لەنێو ستامفۆرد بریدجدا ئەنجام بدەین".
 
ئەو زیاتر گوتی "رووبەڕووی تیپێکی زۆر گەورەی وەک لیڤەرپوول دەبینەوە، من لە رابردووەوە باش دەزانم چ تیپێکە، ئێستا گرنگە بێنینە بەرچاومان کە لە ستامفۆرد بریدجداین. ئێمە یاریگاکە بەباشی دەناسین و دەزانین کەشێکی باش دروست بکەین لەگەڵ هاندەران".
 
سەبارەت بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هاندەرانی یانەکە؟ پۆچێتینۆ لە وەڵامدا گوتی "من زۆر باش دەزانم کە پێویستە ئەم پەیوەندییە دروست بکەین، رابردوومان رابردوومانە، ئێمە رێز لە رابردوومان دەگرین و شانازی پێوە دەکەین، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە کە پەیوەندییەکی نوێ دروست بکەین لەگەڵ جەماوەرێکی جیاواز، کە رەفتاری تایبەت بە خۆیان هەیە و جیاوازن لە جەماوەری یانەکانی دیکە". 
 
هەروەها گوتیشی "ئەمە بەرپرسیارێتی ئێمەیە و هیوادارین بە زووترین کات ئەم هەستە دروست بکەین. دەزانم کە پێویستە ئەو هەستە خۆشە دروست بکەین، پێویستە تیپێک بین و پێکەوەیی و یەکگرتوویی نیشان بدەین، گرنگی بە یانەکە بدات، گرنگی بە هاندەران بدات و تا کۆتایی تێبکۆشێت. هاندەران دەبێت هەست بکەن یاریزانەکان بۆ یانەکە دەمرن".
 
سەبارەت بە ئامانجی ئەو لەگەڵ چێڵسی لە وەرزی نوێدا، پۆچێتینۆ گوتی "ئامانجەکە سەرکەوتنە، ئێمە کاتێکی خۆش پێکەوە بەسەردەبەین، پەیوەندییەکی باش دادەمەزرێنین،  پەیوەندییەکەی باش لەگەڵ خەڵکدا دروست دەکەین، بەڵام گرنگترین شت لە کۆتاییدا سەرکەوتنە. کە سەرکەوتن یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی زۆر شتی دیکەش، بۆیە ئێمە گرنگی بە شێوازی بەدەستهێنانی ئەنجامەکان دەدەین. هەوڵدەدەم یاریزانانی چێڵسی بکەمە ئاژەڵ، کە بتوانن هەموو هەفتەیەک و هەموو رۆژێک رکابەری بکەن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە