ڤیدیۆ؛ کۆلۆمبیا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە ئۆرۆگوای لە کۆپا ئەمریکا دەرکرد

رووداو دیجیتال

هەردوو ئەستێرەی ئۆرۆگوای، ئێدینسۆن کاڤانی و لویس سوارێز نەیانتوانی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بۆ قۆناخی پێشکۆتایی کۆپا ئەمریکا بکەن و لە یارییەکی بەهێزدا بە هەڵبژاردەی کۆلۆمبیا دۆڕان.

لە یارییەکی بەهێزی قۆناخی هەشتی کۆپا ئەمریکادا، هەردوو هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای و کۆلۆمبیا لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ پێدرۆ لودۆڤیکۆ لە شاری گۆیانیای بەرازیل رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، کە ئەنجامی یارییەکە بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و پەنایان بردە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە.

لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا کۆلۆمبیا 4 - 2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کە سەرەڕای ئەوەی کاڤانی و سوارێز لێدانەکانیان بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرد، بەڵام خیمینێز و ماتیاس ڤینا نەیانتوانی گۆڵ بکەن، لە کاتێکدا بۆ هەڵبژاردەی کۆلۆمبیا، هەریەک لە زاباتا، سانچێز، یاری مینا و میگێل بۆرخا سەرکەوتووانە هەر چوار لێدانەکانیان گۆڵکرد و گەیشتنە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

هەڵبژاردەی کۆلۆمبیا لە یاریی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەبێتەوە، کە ئەویش بە ئەنجامی 3 - 0 لە ئیکوادۆری بردەوە.

هەروەها یاریی دووەمی پێشکۆتاییش لە نێوان بەرازیل و پێرو دەبێت و براوەکانی ئەو دوو یارییە، رۆژی 11ـی ئەم مانگە لەسەر یاریگەی ماراکانای بەنێوبانگ لە ریو دی جانیرۆ یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2021 ئەنجام دەدەن.