ریال مەدرید بە بڕیارێکی زیرەکانە ئەشرەف حەکیمی فرۆشتووە

04-07-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەشرەف حەکیمی ریال مەدرید ئینتەرمیلان
A+ A-

رووداو - هەولێر 

کاتێک فرۆشتنی ئەشرەف حەکیمیی یاریزانی مەغریبیی بە یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی راگەیێنرا، هاندەرانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تووشی بێهیوایی بوون، بەڵام یانەی شاهانە بە بڕیارێکی زیرەکانە دەرفەتێکی بۆ ئەوە هێشتووەتەوە کە بتوانێت رۆژێک ئەو یاریزانە بگەڕێنێتەوە ریزەکانی.

ئەشرەف حەکیمی، دوو ساڵ بەشێوەی خواستن یاری بۆ یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی کرد و ئاستێکی زۆر بەرزی لەگەڵیدا پێشکەشکرد، بەڵام لە کاتێکدا کە هەمووان پێشبینییان دەکرد ریال مەدرید ئەو یاریزانە بگەڕێنێتەوە ریزەکانی، یانەی شاهانە بە بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراو بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ بە ئینتەرمیلانی فرۆشت، ئەمەش زۆر لە هەوادارانی ئەو یانەیەی تووڕەکرد.

رۆژنامەکانی نزیک لە ریال مەدرید ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید لە کاتی دانوستان لەگەڵ ئینتەرمیلان مەرجێکی خستووەتە نێو گرێبەستەکەوە، کە لەوانەیە لە داهاتوودا بەهۆی ئەو مەرجەوە بتوانێت حەکیمی بگەڕێنێتەوە ریزەکانی.

ئەو سەرچاوانە لەبارەی ئەو مەرجەی ریال مەدریدەوە دەڵێن "بەپێی ئەو مەرجەی نێو گرێبەستەکەی ریال و ئینتەر، هەر یانەیەکی دیکە بیەوێت حەکیمی لە ئینتەرمیلان بکڕێت، ریال مەدرید دەتوانێت دەستەوارەکە رەتبکاتەوە و بە دەستەوارەیەکی هاوشێوە حەکیمی بگەڕێنێتەوە ریزەکانی، بەڵام ئەوکاتیش پێویستە ئینتەرمیلان رازی بێت".

هەندێک سەرچاوەی دیکەش دەڵێن "ریال مەدرید لە دوای دوو ساڵ یاریکردنی حەکیمی بۆ ئینتەرمیلان دەتوانێت ئەو دەستەوارانە رەتبکاتەوە کە لە یانەکانی دیکەوە بۆ کڕینی حەکیمی پێشکەشی یانە ئیتاڵییەکە دەکرێن، واتە تاوەکو ساڵی سێیەمی گرێبەستەکە، ریال مەدرید ئەو مافەی نابێت".

ئەشرەف حەکیمی پێیباشبوو بچێتە ئینتەرمیلان بۆ ئەوەی زۆرتر یاری بکات، چونکە لە ریال مەدرید پێویست بوو لەسەر شوێنی سەرەکی لە پێکهاتەی زینەدین زیداندا، ململانێ لەگەڵ دانی کارفاخال بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە