ڤیدیۆ؛ پێرۆ كۆتایی به‌ خه‌ونی چیلی هێنا

رووداو ـ هه‌ولێر

له‌ دووه‌م یاری پێش كۆتایی كۆپا ئه‌مریكادا، هه‌ڵبژارده‌ی پێرۆ درێژه‌ی به‌ ئاست و ئه‌نجامه‌ جوانه‌كانی دا و بلیتی یاری كۆتایی له‌ چیلی وه‌رگرت.

له‌و یارییه‌دا كه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی گریمیۆ ئه‌رێنا به‌ڕێوه‌چوو، گێرێرۆ و هاوڕێكانی ئاستێكی به‌رزیان پێشكه‌ش كرد و به‌ 3 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له‌ چیلییان برده‌وه‌و كۆتاییان به‌ خه‌ونی ڤیدال و هاوڕێكانی هێنا، كه‌ به‌نیازبوون بۆ سێیه‌مجار به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ نازناوه‌كه‌ ببنه‌وه‌.

له‌ گێمی یه‌كه‌مدا پێرۆڤییه‌كان له‌ خوله‌كی 21 له‌ رێگه‌ی ئیدیسۆن فلۆرێس و له‌ خوله‌كی 38 له‌ رێگه‌ی یۆشیمار یۆتونه‌وه‌ 2 گۆڵیان تۆماركرد.

له‌ گێمی دووه‌مدا چیلییه‌كان زۆر به‌هێز ده‌ستیانپێكرد و به‌ ته‌واوی كۆنترۆلی تۆپ و یاریگه‌یان كرد، به‌ڵام نه‌یانتوانی هیچ جارێك تۆڕی گالیسی گۆڵپارێزی پێرۆ بهه‌ژێنن، كه‌ به‌ باشترین یاریزانی یارییه‌كه‌ ده‌ستنیشانكرا.

له‌ كۆتا خوله‌كدا گێرێرۆ گۆڵی سێیه‌میشی بۆ پێرۆ تۆماركرد. دوای ئه‌و گۆڵه‌ ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ چیلی هه‌ژماركرد، كه‌ گۆڵكردن و نه‌كردنی وه‌ك یه‌ك بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئیدواردۆ ڤارگاس كه‌ ویستی له‌سه‌ر شێوازی پانینگا جێبه‌جێیبكات، له‌ده‌ستیدا و ئه‌نجامه‌كه‌ به‌ 3 گۆڵی خاوێن بۆ پێرۆ مایه‌وه‌ و بلیتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌رازیلیان له‌ یاری كۆتاییدا وه‌رگرت.