یەکەم پەیامی ئێمباپێ دوای پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید

 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یاریزانی نوێی یانەی ریال مەدرید بۆ یەکەمجار لە دوای پەیوەندیکردنی بە یانەکەوە قسەدەکات و دەڵێت "بۆ یانەی خەونەکانم یاری دەکەم."
 
ئێمباپێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کەمپی مەشقەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسادا قسەیکرد و دەڵێت "ئێستا بووە فەرمی، من یاریزانی یانەی ریال مەدریدم، ئەوە زۆر چێژبەخشە، خەونەکەم بووە راستی و بۆ یانەی خەونەکانم یاری دەکەم، گەیشتم بەو یانەیەی هەمیشە خەونم پێیەوە دەبینی."
 
ئێمباپێ زیاتر گوتی "زۆر بەسادەیی دەچمە یانەی ریال مەدرید، ئەو باشترین یانەی جیهانە، من زۆر دڵخۆشم، ئێوە دەتوانن زەردەخەنەکەم ببینن، یاریزانێکی دڵخۆش دەتوانێت ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات، زۆر دڵخۆشم و بەلای کەمەوە 5 ساڵ لە ریال مەدرید دەبم."
 
کیلیان دەڵێت "لە رۆژی یەکەمەوە فلۆرێنتینۆ پێرێز، متمانەی زۆری بە من هەبوو، دەچمە باشترین یانەی جیهان و زۆر بەپەرۆشم بۆ یارییکردن لە یانەی ریال مەدرید."
 
ئێمباپێ بە رۆژنامەڤانانی گوت "دوێنێ بۆ من رۆژێکی زۆر گەورەبوو، بەڵام پێویستە زۆر بە هۆشیارانە مامەڵە بکەم، بەرپرسیارەتییەکی زۆرم لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا وەکو کاپتنی تیپەکە لەسەرە، راگەیاندنەکەی ریال مەدرید کاریگەری لەسەر هەڵبژاردەکە دادەنێت و دەزانم ئەوە دادپەروەرانە نییە، بۆیە تەنیا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەمەوە کە پەیوەندیان بە فەرەنساوە هەیە."
 
کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەڵێت "یارییەکانی یۆرۆ لە مۆندیال ئاڵۆزترن، بۆیە پێویستیمان بە کارکردنێکی زۆر هەیە بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە."
 
شەوی دووشەممە 3-6-2024 یانەی ریال مەدرید بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و پێشووی یانەی پاریس سانجێرمانی بۆ یانەکەی راگەیاند، یاریزانەکە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2029 دەبێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ئێمباپێ لە دوای یارییەکانی یۆرۆی 2024 لە کەرنەڤاڵێکی گەورەدا لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە هاندەران دەناسێنرێت و ریال مەدرید دەیەوێت ئاهەنگێکی گەورەتر لەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکە رێکبخات.