هیلال کار بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی بەنێوبانگ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلالی سعودی، دەیەوێت بۆ یارییەکانی مۆندیالی یانەکان، ئەستێرەیەکی گەورەی بباتە ریزەکانی و چاوی لە رکابەریکردنە لەسەر بردنەوەی نازناوەکە.
 
میدیای بەریتانیا و سعودیە بڵاویانکردەوە، یانەی هیلال بەهێزەوە کاردەکات بۆ ئەوەی کیڤن دیبرۆین، ئەستێرەی بەلجیکا و یانەی مانچێستەر سیتی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بباتە ریزەکانی و هێڵی ناوەڕاستی یانەکەی زیاتر بەهێزبکات.
 
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، پێشینەی هیلال لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، کارکردن دەبێت بۆ گواستنەوەی دیبرۆین، یاریزانەکەش لە ئەگەری چوونی بۆ خولی سعودیە، بیر لەو یانەیە دەکاتەوە.
 
هیلال لەم وەرزەی خولی سعودیەدا، بەبێ هیچ دۆڕانێک نازناوی خولەکەی بردەوە و بووە یەکەم یانە لە مێژووی خولەکەدا، بەبێ دۆڕان نازناوەکە بەدەستبهێنێت.
 
یانە سعودییەکە بۆ وەرزی نوێ چەند گۆڕانکارییەک لە تیپەکەیدا دەکات، ساڵی 2025 یارییەکانی مۆندیالی یانەکان ئەنجامدەدرێن و یانەکە تێیدا بەشدارە، بۆیە هیلال دەیەوێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی و بەهێزێکی زۆرەوە بەشداری لە رکابەرییەکەدا بکات.
 
نافل بن فەهد، سەرۆکی یانەی هیلال دوای بردنەوەی نازناوی خولی سعودیە گوتی "ئامانجی ئێمە ئەوەیە لە مۆندیالی یانەکاندا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بکەین."
 
هیلال لەکاتێکدا داوای کیڤن دیبرۆین دەکات، یانەی نەسڕ لە هاوینی رابردووەوە، چاوی لە گواستنەوەی ئەو یاریزانەیە، بەڵام زەحمەتە یاریزانەکە بچێتە ئەو یانەیە.
 
کیڤن دیبرۆین، ئێستا تەمەنی 25 ساڵە، گرێبەستەکەی لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ.