رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید کۆتایی بە وەرزەکەی هێنا بە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دوای ئەوەی لەسەر یاریگەی وێمبڵی یاریی کۆتایی بە ئەنجامی 2-0 لە بۆرووسیا دۆرتموندی بردەوە.
وەرزی 2023-2024 کۆتاییهات، لانیکەم لەسەر ئاستی یانەکان، و ریال مەدرید بە باشترین شێوە ئەو کارەی کرد، چونکە یانەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی ساڵێکی خەیاڵی بە بردنەوەی پازدەهەمین جامی چامپیۆنزلیگی بەڕێکرد، جگە لە بردنەوەی خولی ئیسپانی و جامی سوپەری ئیسپانی.
رۆژنامەی بێرنابیۆ دیجیتاڵی ئیسپانی دووپاتیکردەوە، وەک فلۆرێنتینۆ پێرێز دەڵێت، لە ریال مەدرید هیچ بوارێک بۆ لەخۆڕازیبوون نییە و لە ئێستاوە چاوەکان لەسەر وەرزی 2024-2025 دانراون.
ئێستا دوو هەواڵی گرنگ پشتڕاستکراونەتەوە کە بریتین لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ و رۆیشتنی تۆنی کرووس سێیەم کاپتنی یانەی شاهانە بوو لە وەرزی 2023-2024، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە بزانین ریزبەندیی کاپتنەکانی یانەکە چۆن دەبێت، بەو پێیەی داهاتووی ناچۆی کاپتنی یەکەمیش نادیارە.
بۆ ئێستا ناچۆ و مۆدریچ وەک کاپتنی یەکەم و دووەم دووبارە دەمێننەوە، دانی کارڤاخالیش کاپتنی سێیەم دەبێت و ئەگەر ناچۆ بڕیاری رۆیشتنی بدات، دەبێتە دووەم.
چوارەم کاپتن بۆ وەرزی داهاتوو ڤالڤێردی دەبێت، کە پێش کۆرتوا و ڤینیسیۆس دێت لە ریزبەندییەکەدا، ئەگەر ناچۆش بڕوات ڤالڤێردی دەبێتە کاپتنی سێیەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ