هۆکاری راستەقینەی وازهێنانی تۆنی کرووس ئاشکرابوو

04-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تۆنی کرووس وازهێنان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وازهێنانی تۆنی کرووس، یاریزانی ئەڵمانی بەشێوەیەکی ناچاوەڕوانکراو هەمووانی تووشی شۆک کرد، چونکە هیچ هۆکارێکی روون بۆ ئەو بڕیارەی یاریزانەکە دیار نەبوو، بەڵام وادیارە لە پشت پەردەوە هۆکارێکی دیکە هەبووە بۆ ئەوەی کرووس ئەو بڕیارە بدات. 
 
تۆنی کرووس بەشداری دوایین یاریی خۆی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید کرد بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا و جامەکەی بردەوە و ماڵئاوایی لە هاندەرانی ریال مەدرید کرد.
 
رۆژنامەی بێرنابیۆ دیجیتاڵ بڵاویکردەوە، تۆنی کرووس هەر کە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 کۆتاییهات، واز لە یاریکردن دێنێت، بەتایبەتی کە شەممەی رابردوو یاریگەی وێمبڵی لەنێو چەپڵەڕێزانی هاندەراندا جێهێشت، دوای ئەوەی بۆ جاری شەشەم نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە، هەروەها بۆ جاری پێنجەمیش لەگەڵ یانەی ریال مەدرید.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە پشتڕاستی کردەوە کە یۆرۆ دوایین پاڵەوانێتییە کرووس بەشداری تێدا بکات و دواتر بەیەکجاری واز لە یاریکردن دێنێت، کە بێگومان ئامانجە ئەو یاریزانە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆیە بۆ وڵاتەکەی، ئەگەرچی لە رووی تیۆرییەوە وەک بەربژێری بردنەوەی نازناوەکان سەیری ناکرێت، بەتایبەتیش بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردە زلهێزەکانی وەک ئینگلتەرا یان فەرەنسا بە سەرکردایەتی  کیلیان ئێمباپێ دەستپێناکەن.
 
رۆژنامەڤانی ئیسپانی، رامۆن ئەلڤارێز دی مۆن باسی لە هۆکاری راستەقینەی وازهێنانی تۆنی کرووس لە یاریکردن دەکات و دەڵێت ئەو پاساوێکی راستەقینەی بۆ ئەو بڕیارە چاوەڕواننەکراوەی هەیە.
 
ئەو دەڵێت "تۆنی کرووس بەدەست ناڕەحەتی و ئازاری بەردەوام لە رانیدا دەناڵێنێت کاتێک یاری دەکات. ئەو هەر کاتێک بۆ چەند خولەکێک یاری دەکات زیاتر ئازاری هەیە، هەر بۆیە زۆرجار گۆڕانکاری پێدەکرا، بۆیە یاریزانە ئەڵمانییەکە نایەوێت بەهۆی ئەو دۆخەوە زیاتر ئازار بچێژێت".
 
دوایین بەشداریکردنی یاریزانە ئەڵمانییەکە لەم هاوینەدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەبێت لە پاڵەوانێتی یۆرۆ، و دواتر وازهێنانی یەکجارەکی لە یاریکرن رادەگەیێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە