ئاتلێتیکۆ مەدرید خۆی بۆ گرێبەستێکی زۆر گەورە ئامادەدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاتلێتیکۆ مەدرید کار بۆ گرێبەستێکی گەورە دەکات و دەیەوێت گۆرزێکی چاوەڕواننەکراو لە یانەی مانچێستەر سیتی، پاڵەوانی پرێمەرلیگ بدات.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە هەواڵێکی چاوەڕواننەکراودا دەڵێت "یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەیەوێت جولیان ئەلڤارێز، هێرشبەری ئەرجەنتینی و یانەی مانچێستەر سیتی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بباتە ریزەکانی، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو هێڵێکی هێرشبەری بەهێزی هەبێت."
 
رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، یانەکە گرنگییەکی زۆر بە تواناکانی ئەو یاریزانە دەدات، هەریەکە لە رۆدریگۆ دی پاوڵ، ناوێل مۆلینا و ئانخێل کۆریای یاریزانانی یانەکەی راسپاردووە، بۆ ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی کۆپا ئەمریکا هەوڵ بۆ رازیکردنی یاریزانەکە بدەن پەیوەندی بە یانەکەوە بکات.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید هەنگاوەکانی دەستپێکردووە و دەیەوێت دەستەوارەی فەرمی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە پێشکێشی مانچێستەر سیتی بکات.
 
رۆخی بلانکۆس لەکاتێکدا دەیەوێت ئەلڤارێز بباتە یانەکەی، مێمفێس دێپای، هێرشبەری هۆڵەندی لە یانەکە رۆیشتووە و لە هێڵی پێشەوەدا تووشی کێشە دەبێت، بۆیە دەیەوێت بە ئەلڤارێز خۆی بەهێزتربکات.
 
جولیان ئەلڤارێز، لەگەڵ ئەوەی هێشتا بەتەواوی لە پێکهاتەی سەرەکی مانچێستەر سیتیدا نابینرێت، بەڵام زەحمەتە پێپ گواردیۆلا دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.
 
جولیان ئەلڤارێز، تەمەنی 24 ساڵە و گرێبەستەکەی لە 2028 کۆتاییدێت و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەدا دەگاتە 90 ملیۆن یۆرۆ.