یەکەم قوربانیی دەست فلیک لە بارسێلۆنا ئاشکرابوو

04-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سێرجی رۆبێرتۆ هانزی فلیک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، دۆخی سێرجی رۆبێرتۆی یاریزانی یانەی بارسێلۆنا لەگەڵ یانەکەیدا بەرەو خراپی دەچێت، ئەمەش چەند رۆژێک دوای هاتنی هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی بۆ سەرپەرشتیکردنی یانە کەتەلۆنییەکە.
 
رۆژنامەکەی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەری هەیە رۆبێرتۆی تەمەن 32 ساڵ، لەم هاوینەدا ریزەکانی یانەکەی جێبهێڵێت، دوای ئەوەی دانوستاندنەکان سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە ماوەی هەفتەی رابردوودا پێشهاتی بەپەلەی بەخۆیەوە بینی.
 
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ سێرجی رۆبێرتۆ قسەی کردبوو و بەڵێنی پێدابوو کە یانەکە بیر لە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی دەکاتەوە، ئەگەر چاڤی هێرناندێزی راهێنەر لە سەرۆکایەتی ستافی راهێنەرایەتیدا بمێنێتەوە یان بڕوات، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆرت، لەگەڵ هاتنی هانزی فلیک شتەکان گۆڕانکارییان بەسەرداهات.
 
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، کە بارسێلۆنا داوای لە رۆبێرتۆ کردووە چاوەڕێ بکات، هەروەها بەڕاشکاوی پێیانگوتووە ئێستا نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ تیپەکە لەلایەن هانزی فلیکی راهێنەر بە کارێکی لەپێشینە نازانرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە گریمانەی رۆیشتنی ئەو لە مانەوەی زیاترە.
 
ماوەی گرێبەستی یاریزانە ئیسپانییەکە لەگەڵ بارسێلۆنا، لە 30ـی حوزەیران کۆتاییدێت، کە رۆبێرتۆ نزیکبوو لە واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ، کاتێک بڕیاردرا چاڤی هێرناندێز لە پۆستی راهێنەردا بمێنێتەوە، بەڵام دوای رۆیشتنی چاڤی هەموو شتێک گۆڕا.
 
گەورەترین وەرچەرخان دوای یەکەم رۆژەکانی هانزی فلیک لە بلاوگرانا روویدا، کە نادڵنیایی زاڵ بوو بەسەر دۆخی سێرجیۆ رۆبێرتۆدا، دوای رۆیشتنی چاڤی و هاتنی هانزی فلیک، چونکە نادڵنیایی لەبارەی داهاتووی رۆبێرتۆ بڵاوبووەوە، هەروەها رێژەی ئەگەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کەمبووەوە.
 
سێرجی رۆبێرتۆ، وەک ئەوەی رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، نایەوێت بکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ یانەکەی، لەم وەرزەدا 15 یاری لە خولی ئیسپانی ئەنجامدا، جگە لە 5 یاری لە چامپیۆنزلیگ، 3 یاری لە جامی شا و 2 یاری لە جامی سوپەر، هەروەها 3 گۆڵی تۆمارکرد لە کۆی بەشداریکردنەکانی لەگەڵ بارسا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە