ئێمباپێ کۆشکێکی زەبەلاحی لە مەدرید کڕیوە

04-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ کۆشکی مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای ئەوەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەفەرمی بووە یاریزانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، میدیاکان ئاشکرایانکرد کە ئەو یاریزانە کۆشکێکی گەورە و زەبەلاحی لە مەدرید کڕیوە.
 
ئێمباپێ دوای 8 وەرز یاریکردن بۆ یانەی پاریس سانجێرمان، کە لە مۆناکۆوە هاتبوو، بڕیاریدا لە یانەی پاریسی بڕاوت و پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات.
 
تۆڕی diariomadridistaـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئێمباپێ کۆشکێکی زەبەلاحی لە گەڕەکی لا فینکا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا کڕیوە بۆ ئەوەی تێیدا بژیت.
 
ئەو سەرچاوەیە لە راپۆرتێکی درێژدا رایگەیاندووە، ئەم کۆشکە خاوەنەکەی گاریس بەیڵی وێڵزی، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید بووە و ئێستا بە ئێمباپێی فرۆشتووە.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، ئێمباپێ ئەم کۆشکەی بە 11 ملیۆن یۆرۆ کڕیوە، کە کۆی گشتی رووبەرەکەی 3 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، بیناکە لەسەر 1100 مەتر چوارگۆشە دروستکراوە.
 
خانووە نوێیەکەی ئێمباپێ پێکهاتووە لە 8 ژووری نووستن، هەموویان گەرماوی  تایبەتیان هەیە. هەروەها کۆشکەکە مەلەوانگەیەکی گەرمی ناوخۆیی تێدایە لەگەڵ ساونا، شوێنی ئاوی گەرم و سارد، هەروەها هۆڵێکی لەشجوانیشی هەیە کە کاتی خۆی لەلایەن گاریس بیلەوە زیادکراوە.
 
هەروەها خانووە نوێکەی کیلیان کە 7 شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلی هەیە کە داپۆشراون و مەلەوانگەیەکی دەرەوە و یاریگەیەکی تۆپی پێ و یاریگەیەکی باسکەش لەخۆدەگرێت.
 
سەرەتا گاریس بەیڵ بۆ فرۆشتنی ئەو کۆشکەی داوای 13 ملیۆن یۆرۆ دەکرد، بەڵام بەیڵ رەزامەندی دەربڕی لەسەر کەمکردنەوەی داواکارییە داراییەکانی بۆ 11 ملیۆن یۆرۆ و دەستبەرداری 2 ملیۆن یۆرۆ بوو.
 
بەگوێرەی تۆڕی diariomadridistaـی ئیسپانی، ئێمباپێ سوودمەند دەبێت لە یاسایەکی تایبەتی کەمکردنەوەی باج کە بەمدواییە لە هەرێمی مەدرید خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا لە ئیسپانیا نەژیاوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە