فەرمی.. ریال مەدرید رۆیشتنی بنزیمای راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی رۆیشتنی کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەکەی راگەیاند.
 
یانەی ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکی درێژدا ماڵئاوایی لە کەریم بنزیما دەکات و نووسیوویەتی "ریال مەدرید لەگەڵ کەریم بنزیمای کاپتی گەیشتنە رێککەوتن بۆ ئەوەی کاروانە نایابەکەی کە هەمیشە دەمێنێتەوە لەگەڵ یانەکە کۆتاییبهێنێت."
 
ریال مەدرید دەڵێت "دەمانەوێت سوپاسگوزاریی خۆمان و هەموو سۆز و خۆشەویستی خۆمان بۆ ئەو شتانە پێشانبدەین بۆ یەکێک لە ئەفسانە گەورەکانی یانەکەمان."
 
کەریم بنزیما لە ساڵی 2009 لە تەمەنی 21 ساڵیدا لە یانەی لیۆنی فەرەنسییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدەوە کرد، لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا لەو یانەیەدا کەریم بەباشترین ئاستەوە توانیی نوێنەرایەتی درێسی یانەی شاهانە بکات و 25 نازناو لەگەڵ یانەکە بباتەوە، کە ریکۆردی بردنەوەی زۆرترین نازناوە لەگەڵ یانەکە لەلایەن یاریزانێکەوە.
 
کەریم بنزیما لەگەڵ ریال مەدرید هەموو نازناوەکانی بردەوە، 5 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 5 مۆندیالی یانەکان، 4 جامی سوپەری ئەوروپا، 4 نازناوی لالیگا، 3 نازناوی جامی شای ئیسپانیا و 4 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا.
 
جگە لەوەش چەندین دەستکەوتی لەسەر ئاستی تاکەکەسی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا، کە دیارترینیان بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بوو لە ساڵی رابردوودا.
 
ریال مەدرید لە راگەیێنراوەکەیەدا دووپاتیدەکاتەوە کە ریال مەدرید هەمیشە وەک ماڵی بنزیما دەمێنێتەوە و هیوای سەرکەوتن بۆ خۆی ماڵباتەکەی دەخواز‌ێت لە قۆناخی نوێی ژیانیدا.
 
رۆژی سێشەممە کاژێر 12:00 بەکاتی ئیسپانیا و کاژێر 13:00 بەکاتی باشووری کوردستان، یانەی ریال مەدرید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە ئامادەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز، ماڵئاوایی لە ئەستێرە فەرەنسییەکە دەکات.