وادەی چوونی بنزیما بۆ سعودیە

04-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کەریم بنزیما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئیتیحادی سعودی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بە گرێبەستێکی گەورە ریزەکانی تیپەکەی بەهێزتربکات، ئەویش گواستنەوەی کەریم بنزیمایە.
 
ئیتیحاد دوای 14 ساڵ دوورکەوتنەوە، ئەم وەرزە نازناوی خولی سعودیەی دوای رکابەرییەکی زۆر لەگەڵ یانەی نەسڕ بردەوە، بۆ وەرزی نوێ دەیەوێت چەند گۆڕانکارییەک لە ریزەکانیدا بکات.
 
بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکی یانەکە، یانەی ئیتیحاد لەگەڵ کەریم بنزیما، هێرشبەری فەرەنسی گەیشتووەتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید پەیوەندی بە یانەکەوە بکات.
 
بەپێی سەرچاوەکە چاوەڕواندەکرێت یاریزانەکە لەم هەفتەیەدا بگاتە جەدە بۆ ئەوەی بەفەرمی گرێبەست لەگەڵ یانەی ئیتیحاد واژۆ بکات.
 
ریال مەدرید ئەمڕۆ دوایین یاریی خۆی لەم وەرزەدا ئەنجامدەدات، کاتێک لە دوایین گەڕی لالیگادا بەرامبەر یانەی ئاتلێتیک بیلباو یارییدەکات، چاوەڕواندەکرێت دوای یارییەکە کەریم بنزیما ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەی شاهانە بکات.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ریال مەدرید چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی کەریم بنزیما دەکات، ئەگەر یاریزانەکە بڕوات، یانەکە هەنگاوەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هاری کەین دەستپێدەکات، کە ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی تۆتێنهام لە هاوینی 2024 کۆتاییدێت."
 
میدیای سعودیە دەڵێت "بنزیما دەستەوارەی یانەی ئیتیحادی قبوڵکردووە و ئامادەیە بۆ دوو وەرز پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، کە بەپێی زۆرینەی سەرچاوەکان مووچەی یاریزانەکە بۆ دوو وەرز 200 ملیۆن یۆرۆ دەبێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە