یانە نوێیەکەی مێسی ئاشکرابوو

04-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی یانەی هیلالی سعودی گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی ماڵئاوایی لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کرد و یاریزانەکە بەتەواوی لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی هیلالی سعودی نزیکبووەتەوە.
 
رۆژنامەی عەکازی سعودی دەڵێت "چاوەڕواندەکرێت باشترین یاریزانی جیهان و براوەی مۆندیالی 2022، لیۆنێل مێسیی ئەرجەنتین لە پاریس واژۆ لەسەر گرێبەستی یانەی هیلال بکات."
 
رۆژنامەکە دەڵێت "واژۆکردنی گرێبەستەکە بە ئامادەبوونی شاندێکی سعودی دەبێت کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسان، بەر لەوەی لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا لیۆ بگاتە ریاز بۆ تەواوکردنی کارەکانی گرێبەستەکەی لە فەرەنسا گرێبەستەکەی واژۆ دەکات، کە تاوەکو ئێستا بەتەواوی بڕی گرێبەستەکە و مووچەکەی دیار نییە."
 
رۆژی 14ـی ئاداری 2023 خۆرخی مێسی، باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی لیۆ چووە سعودیە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، دوای ئەوە مێسی و ماڵباتەکەی چوونە ئەو وڵاتە و لە نزیکەوە شوێنەکەیان بینی، دوای ئەوە هەرچەند کە مێسی باڵیۆزی گەشتیاریی سعودییە، ئیدی هەواڵی پەیوەندیکردنی یاریزانەکە بە یانەی هیلال وەک بۆمبێک بە جیهاندا تەقییەوە.
 
بەپێی سەرچاوەکە مێسی دەیەوێت هەمان رێگەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بگرێتەبەر و لە سعودیە کاروانی یارییکردنی کۆتایی بهێنێت، بەتایبەت کە شوێنی مانەوەی لە ریازی پایتەختی سعودیە دیارییکراوە.
 
یانەی هیلال دوای ئەوەی ئەم وەرزە نەیتوانی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی سعودیە بکات و لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا دۆڕا، گۆڕانکارییەکی گەورە لە یانەکەیدا دەکات، شەوی شەممە رامۆن دیاز، راهێنەری یانەکە لە کارەکەی دوورخرایەوە، بەر لەوەش هەریەکە لە ئودیۆن ئیهالۆ و لوسیانۆ ڤیێتۆ لە یانەکە رۆیشتوون.
 
مێسی ئێستا یاریزانێکی ئازادە، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان یانەی هیلال ملیارێک و 200 ملیۆن یۆرۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرە ئەرجەنتییەکە ئامادەکردووە و دەیەوێت ئەم هاوینە گواستنەوەی یاریزانەکە بکاتە گەورەترین گرێبەستی مێژووی تۆپی پێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە