ئامەدسپۆر بووە پاڵەوان

04-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یانەی ئامەدسپۆر
یانەی ئامەدسپۆر
نیشانەکردن یانەی ئامەدسپۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، بە یەکسانبوون کۆتایی بەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیا هێنا و بووە پاڵەوان.
 
ئامەدسپۆر لە گەڕی پێش کۆتایی خولەکەدا، دوای بردنەوەی لە یانەی سۆماسپۆر، پلەی یەکەمی کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تورکیای لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلاکردبووەوە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەزاران هاندەر لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی مەنەمەن بەلەدییەسپۆر یارییکرد.
 
بەدرێژایی یارییەکە هەردوو یانە ئاستیان لەیەکدییەوە نزیک بوو، هێرشیان بردە سەر گۆڵی یەکدی بۆ ئەوەی گۆڵ تۆماربکەن، بەڵام یاریزانانی هەردوولا لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون و یارییەکە بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ، کۆتاییهات.
 
ئامەدسپۆر پێویستییەکی وای بە یارییەکە نەبوو، بەتایبەت کە پێشتر سەرکەوتنی بۆ خولی پلە یەکی تورکیا مسۆگەر کردبوو و ببووە پاڵەوانی کۆمەڵەکەی.

 

 
ئامارەکانی ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا
 
36 یاری
24 بردنەوە
9 یەکسانبوون
3 دۆڕان
73 گۆڵ
26 گۆڵی لێکراوە
80 خاڵی کۆکردووەتەوە
پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
 
یانەی ئامەدسپۆر لەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیا، خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە و 73 گۆڵی تۆمارکردووە، خاوەنی دووەم بەهێزترین هێڵی بەرگریش بوو و تەنیا 26 گۆڵی لێکراوە.
 
جگە لەوەش یانەی ئامەدسپۆر تاکە یانەیە لەم وەرزەی خولەکەدا بە هەردوو کۆمەڵەی سپی و سوور، تەنیا 3 یاریی دۆڕاندبێت.
 
مێژووی یانەی ئامەدسپۆر
 
ئامەدسپۆر (AMED S.F.K)، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، لە ساڵی 1972 یانەکە دامەزراوە و ئێستا تەمەنی 51 ساڵە، سەرەتا ناوی دیاربەکر بویۆکشەیر بوو بەلەدیەسپۆر بوو، بەڵام دوای ئەوە ناوی گۆڕدرا بۆ یانەی ئامەدسپۆر و لە وەرزی 2013-2014ـەوە و لە خولی پلە دووی تورکیا یاریی دەکات.
 
ئەمە یەکەمجارە لە دوای گۆڕینی ناوەکەی بۆ یانەی ئامەدسپۆر، یانەکە دەگاتە خولی پلە یەکی تورکیا.
 
گۆڵکاری یانەی ئامەدسپۆر
 
گۆڵکاری ئەم وەرزەی یانەی ئامەدسپۆر، بەرک ئیسماعیل ئونسالە، لەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیادا لە پلەی دووەمی گۆڵکارانی خولەکەیە و 19 گۆڵی بۆ تیپە کەسک و سوورەکە تۆمارکردووە.
 
بەرک لە خولی پلە دووی تورکیا لەم وەرزەدا، بەشداریی لە 33 یاری کردووە، 19 گۆڵی تۆمارکردووە و 8 گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.
 
گۆڵکاری خولی پلە دووی تورکیا، کەمال روزگار، یاریزانی یانەی مەنەمەنە کە لەم وەرزەدا 22 گۆڵی تۆمارکردووە و بەجیاوازیی سێ گۆڵ لە پێش هێرشبەرەکەی یانەی ئامەدسپۆرە.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە