رووداو دیجیتاڵ
یانەی وانسپۆری باکووری کوردستان، لە یاریی بەرامبەر یانەی بورساسپۆر کشایەوە و پێی وایە رکابەرەکەیان هاوکاری دەکرێت بۆ ئەوەی پلەی یەکەم بباتەوە.
یانەی وانسپۆر لە دوایین گەڕی رکابەرییەکانی خولی پلە دووی تورکیا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی بورساسپۆر بووەوە، یانەکەی باکووری کوردستان پێویستی بەبردنەوەی یارییەکە و دۆڕاندنی یانەی ئیرۆکسپۆر هەبوو بۆ ئەوەی پلەی یەکەم بباتەوە و راستەوخۆ بگاتە خولی پلە یەکی تورکیا.
دوای 21 خولەک یارییکردن، یاریزانانی یانەی وانسپۆر بڕیارییاندا لە یارییەکە بکشێنەوە، سەرەتا کاپتنی یانەکە چووە لای ناوبژیوان بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات، دوای ئەوە سەرجەم یاریزانەکانیان بڕیاری کشانەوەیاندا.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "یانەی وانسپۆر کاتێک زانیووەیەتی یانەی سێرک بەلەدییەسپۆر بە تیپی خوار 19 ساڵانەوە بەرامبەر یانەی ئیرۆکسپۆر یاریی دەکات و لە ماوەی تەنیا 30 خولەکدا 4 گۆڵی لێکراوە، بڕیارییدا لە یارییەکە بکشێتەوە."
دوای ئەوە هەرچەند رێکخەران و بەرپرسانی یارییەکە هەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی تیپەکە بگەڕێننەوە نێو یاریگە، بەڵام بێ سوود بوو و یانەی وانسپۆر لە یارییەکە کشایەوە.
یانەی وانسپۆر لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی لە ئێکس نووسیوویەتی " لە دژی نادادپەروەری بوەستە، لە پێناو کۆتاییهێنان بە رۆژە تاریکەکانی تۆپی پێ."
بەر لە ئەنجامدانی ئەم یارییە یانەی وانسپۆری باکووری کوردستان، لەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیادا، 35 یاریی ئەنجامداوە، 24 یاریی بردووەتەوە، لە 6 یارییدا یەکسانبووە و 5 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەی سپی خاوەنی 78 خاڵە.
Adaletsizliğe Karşı Dik Dur !!
— Vansporfk (@vansporfk) May 4, 2024
Futbolun Kara Günlerini Sonlandırmak adına !! @vansporfk pic.twitter.com/eVAvm0vE49
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ