رووداو دیجیتاڵ
یانەی وانسپۆری باکووری کوردستان لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە، بۆ گەیشتن بە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیا.
وان لە دوایین گەڕی خولی پلە دووی تورکیا و لە یارییەکانی کۆمەڵەی سپی، کە کۆمەڵەی یەکەمی خولەکەیە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی بورسا سپۆر یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە خولی پلە یەکی تورکیا.
یارییەکە کاژێر 15:00 لە یاریگەی بورسا بەڕێوەدەچێت، بورسا سپۆر لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی خراپن و لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی کۆمەڵەی سپییە، یانەی وانسپۆر لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە و خاوەنی 78 خاڵ.
وانسپۆر بۆ ئەوەی راستەوخۆ بگاتە خولی پلە یەک، پێویستە یارییەکەی ئەمڕۆی بباتەوە و یانەی ئیرۆکسپۆر کە بە جیاوازیی دوو خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندە، بەرامبەر یانەی سەرک بەلەدیەسپۆر بدۆڕێت، ئەگەر ئەوە رووبدات وانسپۆر دەچێتە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە و راستەوخۆ دەگاتە خولی پلە یەکی تورکیا.
وانسپۆر ئەگەر یارییەکەشی نەباتەوە و بدۆڕێت، هێشتا هەلی سەرکەوتنی بۆ خولی پلە یەک دەمێنێت، لەکاتێکدا پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی مسۆگەر کردووە و ئەوکاتە یانەکە لە پلەی ئۆفدا بەرامبەر دووەمی کۆمەڵەی سوور یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی بلیتی سێیەمی سەرکەوتن بۆ خولەکە.
یانەی وانسپۆری باکووری کوردستان، لەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیادا، 35 یاریی ئەنجامداوە، 24 یاریی بردووەتەوە، لە 6 یارییدا یەکسانبووە و 5 یاریی دۆڕاندووە، یانەکە ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەی سپی خاوەنی 78 خاڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ