ئامەدسپۆر بە ئاهەنگگێڕانەوە مێژوو دەنووسێتەوە

04-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، مێژووییەکی گەورە دەنووسێتەوە و دەگاتە خولی پلە یەکی تورکیا.
 
ئامەدسپۆر، ئەمڕۆ لە دوایین یارییدا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تورکیا، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی مەنەمەن دەکات، ئەم یارییە بۆ یانەکەی باکووری کوردستان و هاندەرانی یارییەکی مێژوویی دەبێت، لەکاتێکدا ئامەدسپۆر ئاهەنگ بۆ بردنەوەی پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی و گەیشتن بە خولی پلە یەکی تورکیا دەگێڕێت.
 
یانەی ئامەدسپۆر لە گەڕی پێشکۆتایی خولەکەدا، بە گۆڵێکی ئۆکتای ئایدن، سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی سۆماسپۆر بەدەستهێنا و پێشکۆتاییهاتنی خولەکە پلەی یەکەمی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و گەیشتە خولی پلە یەکی تورکیا.
 
ئەمڕۆ کاژێر 15:00 بە ئامادەبوونی هەزاران هاندەر و لە کەش و هەوایەکی سەرنجڕاکێش و ئاهەنگ ئامێزدا، یانەی ئامەدسپۆر میوانداریی یانەی مەنەمەن دەکات، ئامەد دەیەوێت بەبردنەوە ئاهەنگەکەی زیاتر بکات و هاندەرانیشی دڵخۆشتر بکات.
 
ئامارەکانی ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا
 
یانەی ئامەدسپۆر لەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیادا، لە کۆمەڵەی سوور یاریی دەکات، یانەکە ئامارەکانی تاوەکو بەر لە یاریی دوایین گەڕ بەمشێوەیەن.
 
35 یاری
24 بردنەوە
8 یەکسانبوون
3 دۆڕان
73 گۆڵ
26 گۆڵی لێکراوە
80 خاڵی کۆکردووەتەوە
پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی مسۆگەرکردووە

 
یانەی ئامەدسپۆر لەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیادا، خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە و 73 گۆڵی تۆمارکردووە، خاوەنی دووەم بەهێزترین هێڵی بەرگرییە و تەنیا 26 گۆڵی لێکراوە.
 
جگە لەوەش یانەی ئامەدسپۆر تاکە یانەیە لەم وەرزەی خولەکەدا بە هەردوو کۆمەڵەی سپی و سوور تەنیا 3 یاریی دۆڕاندبێت.
 
هاندەرانی ئامەدسپۆر گەشبینن
 
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر یانەی مەنەمەن، تۆڕی میدیایی رووداو، رای هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆری وەرگرتووە و هەموو ئەوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە گەشبینن کە لە یارییەکەی ئەمڕۆدا ئامەدسپۆر دەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
 
رێبەر سۆیلەر،هاندەرێکی ئامەدسپۆرە و  دەڵێت "لە مەنەمەن دەبەینەوە و ئاهەنگ دەگێڕین، هیوادارین ئەوە رووبدات و ئێمە دەبینە پاڵەوان و بە دڵخۆشییەوە پیرۆزبایی دەکەین، هەربژی ئامەدسپۆر."
 
خانمە هاندەرێک بەناوی نوور دەنیز دەڵێت "هیواخوازین ئامەدسپۆر سەربکەوێت و پشتبەخوا دەیباتەوە."
 
ئوزگۆر ئارجیا، هاندەرێکی دیکەی ئامەدسپۆرە و بە رووداوی گوت "لە ئەڵمانیا هاتووم بۆ یارییەکە، هیوادارم بلیتەکەم دەستبکەوێت، ئەوان سەردەکەون و دڵنیام لەوە."

 

مێژووی یانەی ئامەدسپۆر

ئامەدسپۆر (AMED S.F.K)، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، لە ساڵی 1972 یانەکە دامەزراوە و ئێستا تەمەنی 51 ساڵە، سەرەتا ناوی یانەکە دیاربەکر بویۆکشەیر بەلەدیەسپۆر بوو، بەڵام دوای ئەوە ناوی گۆڕدرا بۆ یانەی ئامەدسپۆر و لە وەرزی 2013-2014ـەوە و لە خولی پلە دووی تورکیا یاریی دەکات.
 
یانەکە ئەمە یەکەمجارە لە دوای گۆڕینی ناوەکەی بۆ یانەی ئامەدسپۆر دەگاتە خولی پلە یەکی تورکیا.
 
سەرۆکی یانەکە عەزیز ئێلالدییە و ئەمساڵ بووەتە سەرۆکی یانەکە، ماشاللا دەکاک، بەرێوەبەری نووسینگەی رووداو لە ئامەد دەڵێت "یانەی ئامەدسپۆر بووە ناوێکی دیار لەنێو تۆپی پێی تورکیا و کەس چاوەڕوان نەبوو یانەکە بەم ئاستە بەرزەوە دەربکەوێت."
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو زیاتر گوتی " لە ئامەد پاڵپشتییەکی زۆری یانەکە دەکرێت، هەمووان خۆیان بە خاوەنی یانەکە دەزانن، یانەی ئامەدسپۆر ئابوورییەکەی لە فرۆشتنی بلیتی یارییەکان، هاوکاریی بازرگانەکانی شارەکە و ژووری بازرگانیی ئامەد سەرچاوە دەگرێت."

 
گۆڵکاری یانەی ئامەدسپۆر
 
گۆڵکاری ئەم وەرزەی یانەی ئامەدسپۆر، بەرک ئیسماعیل ئونسالە، لەم وەرزەی خولی پلە دووی تورکیادا لە پلەی دووەمی گۆڵکارانی خولەکەیە و 19 گۆڵی بۆ تیپە کەسک و سوورەکە تۆمارکردووە.
 
بەرک لە خولی پلە دووی تورکیا لەم وەرزەدا، بەشداریی لە 33 یارییدا کردووە، 19 گۆڵی تۆمارکردووە و 8 گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە، یاریزانەکە 2465 خولەک یارییکردووە و بۆ تۆمارکردنی هەر گۆڵێک پێویستی بە 130 خولەک هەبووە.
 
گۆڵکاری خولی پلە دووی تورکیا، کەمال روزگار، یاریزانی یانەی مەنەمەنە کە لەم وەرزەدا 22 گۆڵی تۆمارکردووە و بەجیاوازیی سێ گۆڵ لە پێش هێرشبەرەکەی یانەی ئامەدسپۆرە.




 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە