ئەمڕۆ بۆ ریال مەدرید رۆژێکی مێژوویی دەبێت

04-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی یەکەم نازناوی ئەم وەرزە بباتەوە، کاتێک بەرامبەر یانەی کادیز یاریی دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 34ـی لالیگادا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 17:15 یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و لەبەردەم هاندەرانیدا میوانداریی یانەی کادیز دەکات، یانەی شاهانە بەبردنەوەی یارییەکە بەفەرمی دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا.
 
بۆ ئەم یارییە سەرجەم یاریزانەکانی ریال مەدرید، جگە لە دەیڤد ئالابا کە ماوەیەکە تووشی پێکانبووە ئامادەن و کارلۆ ئەنچێلۆتی دەیەوێت نازناوەکە یەکلابکاتەوە.
 
ئەوەی بۆ هاندەرانی لۆس بلانکۆس جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە، گەڕانەوەی تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی بەلجیکیی یانەکەیە، کە ئەمڕۆ بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا دەکات، لەکاتێکدا ماوەی چەند مانگێک بوو بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی تووشی پێکانبوو بوو.
 
ریال مەدرید لە دوایین 6 یاریی بەرامبەر کادیز هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، دوایین دۆڕانی بەرامبەر ئەو یانەیە لە ساڵی 2020 بووە، ئەمڕۆش زەحمەتە میوانەکەی بتوانێت ئاستەنگ بخاتە بەردەم هەنگاوەکانی ریال مەدرید بەرەو گەیشتن بە نازناوی لالیگا.
 
کادیز لە کاتێکدا بەرامبەر ریال مەدرید یاریی دەکات، شەڕی مانەوە لە خولەکەدا دەکات، ئەوان ئێستا لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی خولەکە خاوەنی 26 خاڵن و پێنج خاڵ لە خاوەنی پلەی حەڤدەیەمەوە دوورن، دۆڕان لە یارییەکەدا بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆکاری دابەزینی یانەکە بۆ خولی پلە یەکی ئیسپانیا، بۆیە هەموو هەوڵێکیان دەخەنەگەر بۆ ئەوەی لە بێرنابیۆ نەدۆڕێن.
 
ریال مەدرید خاوەنی 35 نازناوی لالیگایە، پێشەنگی یانەکانی ئیسپانیای لە بردنەوەی نازناوەکەدا گرتووە و بەبردنەوەی ئەم نازناوە جیاوازیی نازناوەکانی لەگەڵ بارسێلۆنای رکابەری بۆ 9 نازناو بەرزدەکاتەوە.
 
یەکلاکردنەوەی نازناوی لالیگا لە یارییەکەی ئەمڕۆدا بۆ ریال مەدرید زۆر گرنگ دەبێت، لەکاتێکدا ئەوان دوای یارییەکە خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن ئامادەدەکەن لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کە یاریی چوونیان لە میونشن بە دوو گۆڵ بۆ هەر لایەک کۆتاییهاتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە