هێزی تایبەت لە چواردەوری ماڵی مێسی و نەیمار بڵاوەیان پێکرا

04-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن مێسی، بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمان نەیمار دا سیلڤا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، رێوشوێنی خێرا و تووند و ئاوارتەی بۆ هەڵمژینی تووڕەیی هاندەرانی یانەکە لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا، گرتووەتە بەر.
 
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، ئاشکرایکردووە، سانجێرمان بڕیاریداوە رێوشوێنە ئاسایشپارێزییەکان لەچواردەوری بارەگاکانی یانەکە و یاریگەی مەشقی یانەکە، هەروەها ماڵی ژمارەیەک یاریزانی یانەکە، بگرێتەبەر.
 
ئاژانسەکە رایگەیاندووە، ئەندامانی هێزە تایبەتییەکانی پاسەوانیی لە چواردەوری ماڵی هەریەکە لە لیۆنێل مێسی، نەیمار داسێلڤا و مارکۆ ڤێراتی جێگیرکراون لەپێناو پاراستنیان.
 
پێشتر ژمارەی بەرچاوی هاندەرانی سانجێرمان، بەتایبەت دەستەی ئەڵتراسی یانەکە، لەبەردەم بارەگای سەرەکیی یانەکەدا لە پاریس کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر دەستەی کارگێڕیی و یاریزانانی یانەکە دەربڕی، داوای دەستلەکارکێشانەوەی کارگێڕیی یانەکە و سەرۆکەکەیان کرد، جنێویان بە هەریەکە لە مێسی، نەیمار و ڤێراتی دا، هەروەها دروشمیان لە دژی ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەکە و کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەکە گوتەوە.
 
ئەڵتراسەکانی یانەکە، دواتر روویانکردە ماڵی نەیمار داسێلڤا و دروشمیان لە دژی ئەو گوتەوە و داوای رۆیشتنیان لە یانەکە کرد.
 
پاریس سانجێرمان لە بەرامبەر ئەو خۆپێشاندانانە، بڵاوکراوەیەکی فەرمیی راگەیاند و سەرکۆنەی کارەکەی کرد و گوتی ئەوانە ژمارەیەکی کەمی هاندەرانی نابەرپرسن.
 
تووڕەیی هاندەرانی سانجێرمان ئەوکات گەیشتە لووتکە، کە یانەکە بەر لە سێ رۆژ بە لۆریان دۆڕا لە خولی فەرەنسا بە 3 - 1 گۆڵ، بەوەش هەڕەشە لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی خولی فەرەنسا لەلایەن یانەکەوە دروستبوو.
 
لە دوای ئەو رووداوانەوە، دەنگۆکانی رۆیشتنی یەکجاریی لیۆنێل مێسی لە پاریس سانجێرمان سەریانهەڵداوە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن ئیدی مێسی جارێکی دیکە درێسی سانجێرمان لەبەرناکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە