یانەیەکی خولی پلە پێنجی ئینگلیزی گاڵتە بە رۆناڵدۆ دەکات

04-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی برۆملی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تیپێکی نەناسراوی ئینگلتەرا، سوودی لەو هەواڵانە وەرگرت کە لە چەند رۆژی رابردوودا سەبارەت بە خواستی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی بۆ جێهێشتنی تیپی ئێستای کە نەسڕی سعودیە بڵاوبوونەتەوە، بۆ ئەوەی گاڵتەی پێبکات و لە تویتێکدا بیرۆکەی گرێبەستکردن لەگەڵیدا رەت دەکاتەوە.
 
چەند رۆژنامەیەکی ئیسپانی، دوو رۆژ لەمەوبەر بڵاویکردەوە کە رۆناڵدۆ بیر لە جێهێشتنی یانەی نەسڕ و گەڕانەوە بۆ ریال مەدرید دەکاتەوە، بەڵام نەک وەک یاریزان، بەڵکو وەک باڵیۆز.
 
یانەی برۆملی، کە لە خولی پلە پێنجی ئینگلتەرا یاری دەکات، سوودی لەو زانیارییانە وەرگرت، و دووبارە لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردنەوە، کە لە تویتێکدا داوا لە رۆناڵدۆ دەکات پەیوەندی بەو تیپەوە بکات کە درێسێکی سپی هاوشێوەی ریال مەدرید لەبەردایە.
 
کۆمپانیای ڤاناراما، کە لە بواری بەکرێدانی ئۆتۆمبێل لە بەریتانیا کاردەکات و سپۆنسەری تیپی برۆملی دەکات، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر لە تویتێکدا، کە ئاراستەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی کردووە و دەڵێت "درەنگ نییە ئەگەر بتەوێت وەرزی داهاتوو درێسێکی سپی لەبەربکەیت، کریستیانۆ".
 
کۆمپانیاکە تویتەکەی هاوپێچ کردووە بە وێنەیەکی رۆناڵدۆی دروستکرا و بە فۆتۆشۆپ، کە درێسێکی سپیی برۆملی لەبەردایە.
 
ئەکاونتی یانەی برۆملی دووبارە ئەم بابەتەی لە تویتێکدا بڵاوکردووەتەوە و کۆمێنتێکی لەسەرکردووە و دەڵێت "نا، تۆ لەو شوێنەی لێیت باشیت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئامادە نییە گرێبەست لەگەڵ ئەستێرە تەمەن 38 ساڵییەکە بکات.
 
برۆملی پلەی شەشەمی ریزبەندیی خولی پلە پێنجی ئینگلتەرای گرتووە، و بە کۆکردنەوەی 72 خاڵ، لە 46 یارییدا، و 39 خاڵ لە رێکسهامی پێشەنگ دوورە.
 
رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی کەتەلۆنی - ئیسپانی، پشتڕاستی کردەوە کە کریستیانۆ دەیەوێت بگەڕێتەوە مەدرید، بەمەرجێک کارێکی کارگێڕیی پێبدرێت یان ببێتە باڵیۆزی یانەکە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دڵنیاییە کە رۆناڵدۆ کارێکی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆدا دەستدەکەوێت، بەڵآم روون و ئاشکرایە کە ئەو کارە یاریکردن نییە وەک یاریزان.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یەکێکە لە ئەفسانەکانی ریال مەدرید و گۆڵکاریی مێژوویی یانەکەیە، لە ماوەی مانەوەی لەگەڵ یانەکەدا لە 438 یارییدا 451 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
دۆن رۆناڵدۆ بە درێسی ریال مەدریدەوە 4 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 3 نازناوی جامی جیهانی یانەکان، دوو نازناوی لالیگا، دوو نازناوی جامی شا و دوو جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێناوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە