هالاند لەبارەی ژمارە پێوانەییەکەیەوە چیدەڵێت؟


رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی نەرویجیی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، باسی لە تۆمارکردنی ژمارە پێوانەییەکەی خۆی لە خولی پرێمەرلیگ کرد.
 
هالاند بووە گۆڵکەری مێژوویی پرێمەرلیگ لە یەک وەرزدا، پاشئەوەی لە یاری یانەکەی بەرامبەر وێستهام گۆڵێکی تۆمارکرد و لە گەڕی 28ی خولەکە و بەوەش ئەو یاریزانە بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی پرێمەرلیگ، لە وەرزێکدا 35 گۆڵ تۆمار بکات.
 
هالاند لە لێدوانی بۆ 'تۆڕی سکای سپۆرت' گوتی، "شەوێکی تایبەت و ناوازە بوو. دڵخۆش و شانازم بەو دەستکەوتە، دوای ئەوەش نازانم چیدیکە بڵێم".
 
ئەو زیاتر دەڵێ "دەمزانی کە ژمارەیەکی پێوانەیی لەو شێوەیە هەیە، بەڵام هەوڵماندا هەلی گۆڵ تۆمارکردن بخولقێنین، کارەکە ئاسان نەبوو، چونکە ئەوان باش بەرگرییان دەکرد، لە گێمی یەکەمدا بەدەستیانەوە ناڵاندمان، بەڵام لە کۆتاییدا گۆڵەکان هاتن".
 
هالاند زیاتر دەڵێ "پێش یارییەکە لەگەڵ جاک گریلیش قسەمکرد و ئەو گوتی، دەیەوێت ئەسیستی گۆڵە مێژووییەکەم ئەو بیکات. ئەسیستەکەی ئەو نایاب بوو. من بیرم لەوە نەکردبووەوە تۆپەکە بەرز بکەمەوە، بەڵام هەلەکە هات و منیش ئەوەمکرد کە دەبوو بەدروستی بیکەم".
 
دوای یارییەکە یاریزانانی مانچێستەر سیتی، رێڕەوی شانازییان بۆ هالاند رێکخست، ئەو لەبارەی ئەو کارەوە گوتی، "پێشتر رێڕەوی شانازیم نەبینیووە. هەستێکی خۆشبوو کاتێک گۆڵم کرد، هەموو کات گۆڵکردن وایە. بەڵام زۆر ناخۆشبوو کاتێک بەڕێڕەوەکەدا رۆیشتم هەمووان بەوپەڕی توانای خۆیانەوە لە پشتی منیاندا".
 
هالاند دەڵێ، "لێرە بەدواوە، بیر لە شکاندنی ژمارەی پێوانەیی دیکسی دین ناکەمەوە. دەخەوم و هەڵدەستم لە دوای یارییەکە بۆ ئەوەی هەوڵبدەم سێ خاڵی دیکە بۆ تیپەکەم بەدەست بهێنم، ئەرکەکە ئاسان نییە، بەڵام هەوڵدەدەم".
 
هێرشبەرە نەرویجییەکە زیاتر دەڵێ، "ناتوانم لە بیرکردنەوە لە ژمارە پێوانەییەکان بەردەوام بم تاوەکو تووشی شێتی دەبم. من دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە و نان بخۆم و کەمێک ڤیدیۆ گەیم بکەم و خۆم بۆ یاریی داهاتوو ئامادە بکەم".
 
لە هالاندیان پرسیووە، ئامادەی دەستبەرداری هەموو گۆڵەکانی ژیانت ببیت لەبەرامبەر ئەوەدا کە یانەکەی ئەمساڵ سێ نازناو بباتەوە؟ ئەو دەڵێ، "بەڵێ نازناوەکان گرنگترن، ئێمە هەموومان هیواخوازی ئەوەین، بەڵام ناکرێ جارێ بیر لە نازناوی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بکەینەوە".