پلانێکی گەورە لە قەتەرەوە بۆ مانچێستەر یونایتد

 
رووداو دیجیتاڵ

شێخ جاسم بن حەمەد بن جاسم، ملیاردێری قەتەری هەوڵەکانی بۆ کڕینەوەی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی چڕکردووەتەوە و لە ئەگەری کڕینەوەی یانەکەشدا گۆڕانکاری گەورە دەکات.
 
میدیای بەریتانیا ناوی سێ یاریزانی ئاشکرا کردووە، کە ئامانجی ملیاردێرە قەتەرییەکە دەبن لەگەڵ کڕینەوەی مانچێستەر یونایتد، کە هەرسێ یاریزانەکە فەرەنسین و دەیەوێت بیانباتە مانچێستەر یونایتد.
 
رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی دەڵێت "گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان ئامانجی سەرەکیی ئەو ملیاردێرە قەتەرییە، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لە هاوینی 2024 کۆتاییدێت و یاریزانەکەش لە پاریس سانجێرمان دڵخۆش نییە."
 
یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی شێخ جاسم، گرێبەستکردنە لەگەڵ ئیدوارد کاماڤینگا، ئەستێرەی لاوی یانەی ریال مەدرید، کە سکای سپۆرتس دەڵێت "مان یونایتد ئامادەیە 130 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە بداتە ریال مەدرید، بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت."
 
ئامانجی سێیەم گواستنەوەی کینگێسلی کۆمان، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی بایرن میونشنە، کە ئاستێکی بەرزی هەیە، بەڵام لە بایرن ناوبانگێکی زۆری پەیدانەکردووە و گرنگییەکی زۆریشی پێنادرێت.
 
 شێخە قەتەرییەکە رەزامەندیی میری قەتەری بۆ کڕینەوەی یانە ئینگلیزییەکە هەیە و دەیەوێت بە کڕینەوەی مانچێستەر یونایتد گۆڕانکارییەکی گەورە لە یانەکەدا بکات، لە رووی وەبەرهێنان و بەرفراوانکردنی دامەزراوەکانی تایبەت بە یانەکە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "دەستەوارەی شێخ جاسم بۆ کڕینەوەی مان یونایتد لەسەرووی 5 ملیار پاوەندەوەیە."